حکومەتی عیراق بەنیازە بۆ ئاسایی کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ عیراق و ناوچەکە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی گفتوگۆ بکات.
ئەمڕۆ 26 ـی ئەیلول نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، حکومەتی عیراق دەیەوێت هەندێک لە فڕۆکەخانەکانی عیراق لەو رێکارانە بەدەر بکرێن، ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵەکان بۆ ئەوەن رێگە بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بدرێت.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم هەوڵانە، حکومەتی عیراق جەختیدەکاتەوە مەبەست لێی بابەتی مرۆیی وەک چارەسەری پزیشکی، خوێندن، سەردانی ئایینی و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا هاتووە، عیراق لە هەوڵدایە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، حکومەت هۆشداری دەدات کە بەردەوامیی قەیرانەکان دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
حکومەتی عیراق داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات پەنا بۆ دیالۆگ و دانوستاندن ببەن، ئەمەش بە ئامانجی گەیشتن بەو چارەسەرانەی کۆتایی بە قەیران و ململانێکان دەهێنن و بەرژەوەندیی گەل و وڵاتانی ناوچەکە دەپارێزن.