مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا دووپات كردەوە، هاوكات جەختی لەوە كردەوە كە "هەرگیز تەسلیم نابن" و لەژێر هەڕەشەی هێرشی سەربازیدا دانوستان ناكەن. دووپاتیشی كردەوە كە تاران بە دوای بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمیدا نییە و هەرگیز هەوڵی ئەوە نەداوە.
پزیشكیان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی فۆكس ڕایگەیاند، "ئەگەر ئیدارەی ئێستا بیەوێت لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكان بگەنە ڕێككەوتن، ئێمە ئامادەین. ئێمە شەڕمان هەڵنەبژارد؛ بەسەر ئێمەدا سەپێندرا، ئێمەش بەرگری لە خۆمان دەكەین. ئەگەر بیانەوێت بەردەوام بن لە شەڕكردن، ئەوا ئێمە بە زۆر و یەكلاكەرەوە وەڵامی دەدەینەوە. ئەو فشار و سزایانەی بەسەرماندا سەپێنراوە، مەبەست لێی ناچاركردنمانە بۆ تەسلیمبوون". لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و ئەوەش ڕوونادات”.
سەرۆككۆماری ئێران جەختی لەوەش كردەوە، "ئەگەر ئەمریكا پێی وابێت بەردەوامبوون لە سەپاندنی سزا ئابوورییەكان ناچارمان دەكات تەسلیمبین، ئەوا تەنیا لە خەونەكانیدا ئەو شتە بەدەست دەهێنێت".
پزیشكیان دانی بەوەدانا كە وڵاتەكەی ڕووبەڕووی سەختی ئابووری بێوێنە بووەتەوە، بەڵام ئامادەیی خۆی دووپاتكردەوە بۆ بەرگەگرتنی ئەو سەختییانەی كە لە ئەنجامی گەمارۆكانی ئەمریكاوە هاتوونەتە ئاراوە و وتی، بەڵێ كێشەی ئابووریمان هەیە، بەڵام تا كۆتایی بەرەنگاری دەبینەوە و بەرگەی هەر سەختییەك دەگرین بۆ ئەوەی بتوانین بژین”.
مەسعود پزیشكیان ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ كەمكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بە شێوەیەكی بەرچاو ڕوونكردەوە كە ئێستا لەئاستی ٦٠%دایە و ڕایگەیاند، “گەیشتنە ڕێككەوتن، بەڵام سەرۆكەكەتان ڕێككەوتنەكەی دڕاند”.
پزیشكیان ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردەوە كە گوایە ئێران هێرشی كردۆتە سەر گەلی خۆی و دەشڵێت “كێ هێرشی كردە سەر ئێمە؟ كێ خوێندنگاكانی ئێمەی بۆردومان كرد؟ بەڕێز (دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا) خۆی ڕایگەیاند كە خەڵكی چەك و تەیار كردووە بۆ ڕووخاندنی حكومەت، بەڵام ئەو حكومەتە بە یەكگرتووتر مایەوەو تەنانەت ئەوانەی بە هۆكاری جۆراوجۆر دژایەتیان دەكرد ئێستا پشتیوانی ئێران دەكەن”.
سەرۆككۆماری ئێران باسی لەوەشكرد كە چەند سەعاتێك لەگەڵ ڕێبەری مەزنی ئێران كۆبووەتەوە و تەندروستی باش بووە و وتی: “نزیكەی مانگێك یان مانگ و نیوێك لەمەوبەر نزیكەی حەوت سەعاتی تەواو یەكترمان بینی”.
لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی ئایا ڕێبەری باڵای ئێران توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی هەیە یان نا، پزیشكیان وتی، "بەڵێ بە ڕەهایی، جێبەجێكردن و سیاسەت لە دەستی ئیدارە و حكومەتدایە، بەڵام ڕاوێژ و ڕێنمایی لەوێوە دێت".