سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی: پرۆسەی رێكخستنەوەی چەك بێ كێشە بەردوامە

عیراق 11:12 AM - 2026/09/19

سەعد مەعن، سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق رایگەیاند، بەشێك لە گرووپە چەكدارەكان دەستیان بە بەشداریكردن لە پرۆسەی رێكخستنەوەی چەك كردووە و پڕۆسەكە بێ كێشە بەردەوامە.

سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: رێكخستنەوەی چەك بووەتە پێویستییەك، ئەگەر بمانەوێت ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەكەمان بپارێزین، جگە لەو رێچكەیە هیچ بژاردەیەكی دیكەمان نییە. ئەو هەنگاوانەی هۆزەكان دەینێن، پاڵنەر و پشتیوانییەكی گەورەیە بۆ ئەوەی حكوومەت لە كارەكانی بەردەوام بێت.

سەعد مەعن روونیكردەوە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە 30ـی ئەیلوول، سەروەریی تەواو بۆ عیراق دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەرپرسیارێتییەكی گەورە دەخاتە سەر شانی هەمووان، بەشێك لە گرووپە چەكدارەكانیش بەشدارییان لە رێكخستنەوەی چەك كردووە و بەشێكی دیكەش لە رێگادان، هیچ كێشەیەك لە ئارادا نییە و هەموو لایەنەكان لە گفتوگۆدان، ناكۆكییە بچووكەكان تەنیا لە بابەتی رێكخستنەكانن نەك لە خودی بیرۆكەكە.

هاوكات قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق ڕەتیكردەوە، هیچ وادەیەك بۆ كارەكانی لیژنەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا دیاری كرابێت، هۆشداریش دەدات دوای تەواوبوونی پڕۆژەكە، هەڵگرانی چەك وەك تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

پڕۆژەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت لە عیراق لە ڕێگەی سێ‌ ئاڕاستەی هاوتەریبەوە جێبەجێ دەكرێت؛ ئاڕاستەی یەكەم لەلایەن حكومەتەوەیە كە قاسم ئەعرەجی سەرپەرشتی دەكات، ئاڕاستەی دووەم پەرلەمانییە بە سەرۆكایەتیی عەدنان فەیحان، هاوكات ئاڕاستەی سێیەم بریتییە لە لیژنەیەكی چوار  قۆڵی كە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بە سەرۆكایەتیی نوری مالیكی و هومام حەموودی پێكهێنراوە، تا بە شێوەیەكی قۆناغ بە قۆناغ سەرجەم گروپە چەكدارەكان چەكەكانیان تەسلیمی گەنجینەكانی دەوڵەت بكەن.


بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو