سەرۆكی مەهەپە دەنگۆی دروستكردنی ڤێلا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی رەتدەكاتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، تەنیا خانوویەكی 250 مەتری بۆ دیدار و كۆبوونەوەكانی دروست كراوە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، روونكردنەوەی لەسەر ئەو دەنگۆیانە دا كـــــە سەبارەت بە دروستكردنی ڤێلا بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی كرێكارانی كورستان لە دوورگەی ئیمراڵی بڵاوكرابوونەوە. لەو بارەیەوە باخچەلی، رایگەیاند، هیچ ڤێلایەك لە ئارادا نییە، بەڵكوو خانوویەكی 250 مەترییە و لە نێو ناوچەی بەندیخانەكەدا دروست كراوە.
باخچەلی، رایگەیاند، ئەو خانووە لە نێو كۆمەڵگەی بەندیخانەكەیە و مەبەست لە دروستكردنی ئەوەیە ئۆجەلان بۆ دیدار و كۆبوونەوەكانی بەكاری بهێنێت، تاوەكوو پەیامەكانی بگەیەنێت و لە كاتی پێویستدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان كۆببێتەوە. هەروەها جەختی كردەوە، گرنگە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە سەركەوتوو بێت و لەبەر ئەم هۆكارەش ئەو ئاسانكارییانە دابین دەكرێن.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆكی مەهەپە، باسی لەوە كرد، پێشنیازەكەی پێشتری سەبارەت بە دامەزراندنی دەستەی هەماهەنگی بۆ بەسیاسیكردنی پرۆسەی ئاشتی هێشتا وەك خۆی ماوەتەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باخچەلی پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ كاندیدكردنی رەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆك كۆمار دووپات كردەوە و، ئەوەی خستەڕوو، ئەردۆگان هەڵبژاردنەكانی 2018 و 2023ـی بردووەتەوە و هیوای خواست سێیەم سەركەوتنیش بەدەست بهێنێت.