ئیمانوێل ماكرۆن لە كۆشكی ئەلیزێ‌ پێشوازی لە عەلی زەیدی كرد

عیراق 03:20 PM - 2026/09/14

ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە كۆشكی ئەلیزێ‌ لە پاریس پێشوازی لە عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق كردو سەبارەت بە پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبوونەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی كۆشكی ئیلیزێ ، بڕیارە رێوڕەسمی ئیمزاكردنی چەند رێككەوتنێك لە نێوان بەغداد و پاریس  بەرێوەبچێت و لە كۆبوونەوەی نێوان هەردوولاشدا  تاوتوێی ڕێگاكانی پەرەپێدانی هاریكاریی دووقۆڵی لە كۆمەڵێك كەرتی ئەولەویەتدا بكرێت، كە دیارترینیان وزە، گواستنەوە، ژێرخانی ئابووری، ئاو و تەندروستی، جگە لە گەڕان بەدوای ئاسۆی فراوانكردنی پەیوەندییە ئابووری و وەبەرهێنانەكانی نێوان هەردوو وڵات.

هەروەها ئاسایش، بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە دانوستانەكانی نێوان سەرۆكی فەرەنسا و سەرۆك وەزیرانی عیراقدا بە شێوەیەكی بەرچاو دەخرێنەڕوو ، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانكارییە پێشبینیكراوەكان لە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

هاوكات بڕیاریشە هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بۆ بەردەوامبوونی شەڕی دژی تیرۆر و پێشگرتن لە سەرهەڵدانەوەی ئەو گرووپە تیرۆرستیانە  دووپات بكەنەوە و  جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە سەروەری هەردوو وڵات بكەنەوە.لە دیارترین ئەو پرسانەی كە لە كۆبوونەوەكەدا دەوروژێنرێن، كاردانەوەكانی ناسەقامگیری ناوچەكە لەسەر بازرگانی و دابینكردنی وزە، بەتایبەتی هەناردەكردنی نەوتی عیراقە.

بڕیارە هەردوولا تاوتوێی ڕێگاكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی عیراق و هەمەچەشنكردنی ڕێڕەوی گواستنەوە و دابینكردنی نەوتی عیراق بكەن، ئەمەش رەنگە بەشداربێت لە كەمكردنەوەی فشارەكان لەسەر بازاڕەكانی وزە و پاڵپشتیكردنی ئابووری فەرەنسا و كەمكردنەوەی ئەو كاریگەرییانەی كە رەنگە كاریگەرییان هەبێت لەسەر توانای كڕینی هاوڵاتیانی فەرەنسا.

ئەم ڕێبازەی فەرەنسا  رەنگدانەوەی خواستی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە بەرژەوەندییە ئابوورییە ڕاستەوخۆكانی فەرەنسا و ئەوروپا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاری بازاڕەكانی وزە بەرامبەر بە پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی ناوچەكە.

سەردانەكەی زەیدی بۆ فەرەنسا  لە كاتێكدایە كە پاریس و بەغداد هەوڵی ئەوە دەدەن پاڵنەرێكی نوێ بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بدەن، بە فراوانكردنی هاوكارییەكان لە فایلە ئەمنییەكانەوە بۆ كەرتە ئابووری و خزمەتگوزاری و ستراتیژییەكان، بە گرنگیدانێكی تایبەت بە وزە و ژێرخانی ئابووری و ئاسایشی ناوچەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو