د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە مەبەستی گەیاندنی هاوخەمی و بەدواداچوون بۆ هێنانەوەی تەرمی خوێندكارە كوردەكەی وڵاتی چین، سەردانی كونسوڵخانەی چینی لە هەولێر كرد.
د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەفدی وەزارەت كە پێكهاتبوو لە راوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی سەردانی كونسوڵخانەی چین- یان لە هەولێر كرد و لەگەڵ لیۆ جون، كونسوڵی گشتی چین لە هەولێر كۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەندراوی وەزراتی خوێندنی باڵا، لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای دووپاتكردنەوەی نیگەرانی و هاوخەمی قوڵی خۆی، وەزیری خوێندنی باڵا تەئكیدی لەسەر بەدواداچوونی وردی یاسایی كردەوە بۆ كەیسی گیان لەدەستدانی خوێندكاری دكتۆرا (محەمەد سعدالدین هادی) و ئامادەیی نیشاندا هەر كاتێك پێویست بكات، وەفدی وەزارەت بۆ بەدواداچوونی راستییەكان سەردانی ئەو وڵاتە بكات، بەمەبەستی رونكردنەوەی هەرچی زوتری هۆكاری گیانلەدەستدانەكە و ئاسانكاری پێویست بۆ هێنانەوەی تەرمەكەی، هیواشی خواست ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دڵنیایی تەواو بدات بە هەمومان بەتایبەت بۆ خانەوادە و كەسوكار و هاوڕێكانی و سەرجەم قوتابیان و خوێندكارانی كورد لە وڵاتە.
لای خۆیەوە كونسوڵی چین لە هەولێر وتی: رووداوەكە بۆ ئێمەش جێگەی نیگەرانییە و یەكەم جارە خوێندكارێكی كورد لە رووداوێكی لەو شێوەیە لە چین گیانلەدەستدەدات، وتیشی: ئێستا باڵیۆزخانەی عیراق لە چین لەگەڵ زانكۆی "ئۆشن" و ئیدارەی ناوچەكە لە پەیوەندیدان بۆ بەدواداچونی كەیسەكە و لە نزیكەوە ئاشنابون بە هۆكاری گیانلەدەستدانەكە، دڵنیایشی دا ئەوانەی لەم كەیسەدا كاردەكەن و پرۆفیشناڵن و بە باشی كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن.