وەفدێكی تەكنیكی و دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم هەفتەیە دەگاتە بەغداد تاوەكو ڕاستەوخۆ بەشداری لە نووسینەوەی ماددە و بڕگەكانی تایبەت بە پشكی هەرێم لە بودجەی 2027 بكات.
وەفدەكە كار لەسەر چەسپاندنی 29 تریلیۆن دینار و مافە داراییەكانی وەك پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندن دەكات، هاوكات پرسی نەوت و توانای ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان وەك گرێكوێرەی سەرەكیی گفتوگۆكان ماوەتەوە.
هەرێم هەوڵدەدات 29 تریلیۆن دینار و پشكی سەدا 14 پۆینت یەك بەپێی سەرژمێری لە بودجەدا بچەسپێنێت. وەفدەكە ڕایدەگەیەنێت هەرێم ناتوانێت 400 هەزار بەرمیل دابین بكات و تواناكەی تەنیا 270 هەزار بەرمیلە.
بۆ پاراستنی پشكی وەبەرهێنان كە داوای 5.5 تریلیۆن دینار كراوە، لە ڕێگەی سیستمێكی ئەلیكترۆنییەوە بەغداد چاودێریی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دەكات تا وادەی تەواوبوونیان.
بەپێی پێشبینییەكان، قەبارەی پڕۆژەبودجەی 2027ـی عیراق لەنێوان 180 بۆ كەمتر لە 200 ترلیۆن دیناردا دەبێت، بەڵام خاڵی ناكۆكی لە نێوان هەردوولادا لەسەر پرسی تەسلیمكردنی نەوتە؛ لە كاتێكدا بەغداد داوای تەسلیمكردنی ڕۆژانەی 400 هەزار بەرمیل دەكات، وەفدی هەرێم ڕوونی دەكاتەوە كە ئێستاتوانای بەرهەمهێنانی ناوخۆ لە نێوان 260 بۆ 270 هەزار بەرمیل نەوتدایە و ناتوانرێت ئەو بڕەی بەغداد داوای دەكات دابین بكرێت.