سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای دابەشكردنی كارەبای ناوەڕست دەرچوو

عیراق 02:27 PM - 2026/09/14

دەستەی دەستپاكی عیراق  رایگەیاند، عەلا سەمیر رەشید بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای دابەشكردنی كارەبای ناوەڕاست لە وەزارەتی كارەبا ،دوای ئەوەی بە تاوانی دەوڵەمەندكردنی نایاسایی دەستگیركرا ، سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دادگای ناوەندی تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بە پشتبەستن بە بڕگەكانی یاسای دەستەی دەستپاكی و دەستكەوتی نایاسایی ژمارە (30ی ساڵی 2011) كە هەمواركراوەتەوە، سزای حەوت ساڵ زیندانی  بەسەر سزادراو علا سەمیر رەشید دەركردووە.

دەستەكە روونیشیكردەوە، دادگا سزادراوەكەی پابەندكردووە بە گەڕاندنەوەی بەهای ئەو قازانجە نایاساییەی كە بڕی زیاتر لە پێنج ملیار و 500 ملیۆن  دیناری عیراقی بووە، هەروەها نزیكەی پێنج ملیۆن و 530 هەزار دۆلاری ئەمریكی، جگە لە سەپاندنی سزای دارایی هاوتای بەهای ئەو قازانجە نایاساییە، بەمەش كۆی ئەو بڕە پارانەی كە پابەندە بە گەڕاندنەوە و پێدانی وەك سزا گەیشتۆتە نزیكەی 25 ملیار و 700 ملیۆن دیناری عیراقی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو