بڕیارە سبەینێ دووشەممە لێپرسراوانی باڵای وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو، ئێران و عیراق لە مەسقەتی پایتەختی عومان كۆببنەوە و ڕێككەوتنێك بۆ دامەزراندنی ڕێڕەوی نوێی كەشتیوانی دەریایی لە نێوان ئێران و عومان ئیمزا بكرێت.
لەوبارەیەوە عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیاند، سبەینێ لە عومان كۆبوونەوەیەك بە بەشداری پێنج دەوڵەتی كەنداو، عیراق و ئێران بەڕێوە بچێت و تێیدا ئەو رێككەوتنەی كە لە نێوان ئێران و عومان سەبارەت بە دامەزراندنی رێڕەوێكی دەریایی نوێ لە گەرووی هورمز كراوە رووندەكرێتەوە،
عەباس عراقچی باسی لەوەشكرد، لەكۆبوونەوەكەدا وڵاتانی بەشداربوو لە وردەكارییەكانی ئەم رێككەوتنە و نەخشە پەیوەندیدارەكان و بەیاننامە هاوبەشەكە ئاگادار دەكرێنەو بۆ ئەوەی لە كۆتاییدا ئەم بەڵگەنامانە بخرێنە بەردەم ڕێكخراوی دەریایی نێودەوڵەتی بۆ تۆماركردن. بۆیە كارنامەی كۆبوونەوەكە تایبەت و روونە و نابێت هیچ تەوەرێكی تر دەستنیشان بكرێت.بەوتەی عراقچی، ئەمە یەكەمجارە لەم جۆرە گفتوگۆیە لە نێوان وڵاتانی كەنداو بەم شێوەیە بەڕێوە بچێت.
ئێران پێی وایە وڵاتانی ناوچەكە تەنیا لێپرسراون لە ئاسایش و سەقامگیری خۆیان. بۆیە پێیان ئاساییە لە نێوان خۆیاندا سەبارەت بە پرس و ئاڵنگارییە ناوچەییەكان گفتوگۆ و ڕاوێژ بكەن.