لە دوورگەی ئیمراڵی خانوویەكی تایبەتی دوو نهۆمی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دروستكراوە، بەڵام ناوبراو نیشتەجێبوون تێیدا ڕەتدەكاتەوە. دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە ئاشكرایكردووە كە ئۆجەلان مەرجی هەیە بۆ ئەوەی بچێتە نێو خانووەكەوە.
باخچەلی لە ڕێگەی ڕۆژنامەوان ناگەهان ئاڵچییەوە پشتڕاستی كردووەتەوە كە خانوویەكی تایبەت بۆ ئۆجەلان دروستكراوە، بەڵام ناوبراو ڕەتیدەكاتەوە بچێتە ناوی. هۆكاری سەرەكیی ڕەتكردنەوەكە ئەوەیە كە ئۆجەلان داوای دیاریكردنی پێگەی رەسمی خۆی دەكات پێش نیشتەجێبوونی لە خانووەكەدا.
ئۆجەلان چاوەڕێ دەكات لیژنەی تایبەت بە چەكداماڵین و هەماهەنگیی ستراتیژی سەر بە ئەنجوومەنی بەدواداچوون بە سەرۆكایەتیی جەودەت یڵماز دەستبەكار بێت. باخچەلی جەختی كردووەتەوە تەنیا دوای دەستبەكاربوونی ئەو لیژنانە و بەشداریكردنی خودی ئۆجەلان تێیاندا، ئامادەیە بچێتە ناو خانووەكەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ناگەهان ئاڵچی لە باخچەلییەوە وەریگرتووە، خانووەكە دەكەوێتە حەوشەی پێشەوەی گرتووخانەی ئیمراڵی و بە دیوار دەورەدراوە؛ بیناكە لە دوو نهۆم پێكهاتووە كە نهۆمی خوارەوە وەك ئۆفیس و شوێنی كار دیزاین كراوە و نهۆمی سەرەوەش شوێنی ژیان و مانەوەیە، هاوكات حەوشەكەی بەشێكی خاكە بۆ چاندن و بەشەكەی دیكەی كۆنكرێتە بۆ مەبەستی وەرزشكردن.