چەكدارانی حووسی بە پشتیوانیی ئێران پێشڕەوییەكی خێرایان بە درێژایی كەناراوەكانی دەریای سوور ئەنجامداوە و زیاتر لە 130 كیلۆمەتریان كۆنترۆڵكردووە، ئەمەش مەترسیی ڕاستەوخۆی بۆ سەر گەرووی بابولمەندەبو كەشتیوانیی نێودەوڵەتی دروستكردووە.
هاوكات لەگەڵ ئەو پێشڕەوییەدا، هێزەكانی سوپای یەمەن لە بەرەكانی مەئریب ڕووبەڕووی هێرشێكی بەرفراوانی هەمان گرووپ بوونەتەوە و زۆربەی هێرشبەرەكانیان تێكشكاندووە، لە كاتێكدا مەترسیی كردنەوەی بەرەیەكی نوێی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە.
پەیمانگای چاتام هاوس، هۆشداری دەدات كە ئێران لە ڕێگەی گرووپە نزیكەكانییەوە ئێستا كۆنترۆڵی دوو گرنگترین گەرووی جیهان (هورمز و بابولمەندەب) دەكات و دەسەڵاتی بەسەر زیاتر لە %35ـی بازرگانیی سووتەمەنی و نەوتی جیهاندا هەیە، كە ئەمەش هاوتای بۆمبی ئەتۆمی وەك كارتی گوشار بەكاردەهێنرێت.
هێزەكانی حكومەتی یەمەن هێرشێكی بەرفراوانی حووسییەكانیان بۆ سەر پارێزگای مەئریب تێكشكاند و %80ـی هێرشبەرانیان لەناوبرد. هەڕەشەی حووسییەكان بۆ سەر كەشتیوانی و بۆریی نەوتی سعوودیە مەترسیی فراوانبوونی شەڕی هەرێمی دروستكردووە.
چەكدارانی حووسی لە دەشتی تیامە پێشڕەوییان كردووە و دەستیان بەسەر زیاتر لە 130 كیلۆمەتر لە كەناراوەكانی دەریای سوور، شاری بەندەریی موخا، ناوچەی زوباب، و دوورگەكانی مەیون، حەنیش و زوقەردا گرتووە.
كۆنترۆڵكردنی دوورگەی مەیون لە تەسكترین خاڵی گەرووی بابولمەندەب، توانای بەرفراوان دەداتە حووسییەكان بۆ پەكخستنی كەشتیوانی بە مووشەك، درۆنو بەلەمی هێرشبەری خێرا.
شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەكەن كە پاش پاشەكشەی بەشەكانی دیكەی "بەرەی مقاوەمە" لە غەززە، لوبنان و سووریا، تاران سەرنج و پشتیوانییە سەربازییەكانی بە تەواوی بەرەو حووسییەكان ئاراستە كردووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی حووسییەكان ڕایانگەیاندووە تەنیا كەشتییە سعوودییەكان دەكەنە ئامانج، بەڵام مەترسی لەسەر تەواوی كەشتیوانیی نێودەوڵەتی هەیە.