دەسەڵاتدارانی عیراق دەستبەسەرداگرتنی دەیان فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكیان لە شوێنێكی چۆڵ لە پارێزگای ئەنبار راگەیاند.
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئۆپراسیۆنەكە لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگریی ورد ئەنجامدراوە و بووەتە هۆی هەڵكوتانە سەر شوێنێكی چۆڵكراو كە پێشتر وەك دوكانی چاككردنەوەی تایەی ئۆتۆمبێل بەكاردەهێنرا.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لەكاتی پشكنینی شوێنەكەدا، هێزە ئەمنییەكان 47 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و 46 موشەكیان دۆزیوەتەوە كە ئامادەكراون بۆ بەستنەوە و بەكارهێنان لەگەڵ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی هێرشبەر، لەگەڵ ئامێری كۆنتڕۆڵ و پاتری و كەرەستەی پەیوەست بە ئۆپراسیۆنەكانیان.
پۆلیسی ئەنبار روونیشیكردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستیان بە ڕێكاری لێكۆڵینەوە و تەكنیكی كردووە بۆ دیاریكردنی سەرچاوەی فڕۆكە و موشەكەكان و دەستنیشانكردنی ئەو لایەنانەی پەیوەندییان پێوە هەیە.
دۆزینەوەی ئەو كەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوانە لە كاتێكدایە كە حكومەتی عیراق هەوڵەكانی چڕتر دەكاتەوە بۆ بەرتەسككردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و یەكخستنی بڕیارە ئەمنییەكان.