عەلی زەیدی دەچێتە فەڕەنسا

عیراق 10:16 AM - 2026/09/12

عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق سبەینێ لەسەر بانگهێشتی رەسمی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا دەگاتە پاریس. گەشتەكە دەروازەی قۆناغێكی نوێی پەیوەندییە ستراتیژییەكانی بەغداد و فەڕەنسایە بەتایبەت لە بوارەكانی ئاسایش و وزەدا، هاوكات یەكەمین دەركەوتنی دیپلۆماسیی سەرۆكوەزیرانی نوێی عیراقە لە كیشوەری ئەوروپا.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆك وەزیرانی عیراق كارنامەی سەردانەكەی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، رۆژی یەكشەممە گەشتی سەرۆك وەزیران بۆ فەڕەنسا دەستپێدەكات و ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ ماكرۆن كۆدەبێتەوە. زەیدی و ماكرۆن سەرۆكایەتیی دانیشتنی بەرفراوانی نێوان هەردوو شاندی عیراقی و فەڕەنسی دەكەن لە بوارەكانی ئابووری، ئاسایش، وزە و فێركردن.

ئامانجی سەرەكیی سەردانەكە پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و دانانی بناغەیەكی بەهێزی هاوبەشە بۆ هاوكاریی درێژخایەن لەگەڵ پاریس. لە میانی دیدارەكاندا سەركردەی هەردوو وڵات سەرپەرشتیی ئیمزاكردنی ژمارەیەك یاداشتی لێكتێگەیشتن لە سێكتەرە جیاوازەكاندا دەكەن.

سەردانەكەی عەلی زەیدی بۆ پاریس دەبێتە یەكەمین گەشتی ناوبراو بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران لە 14ـی ئایاری ڕابردووەوە؛ هەروەها ئەمە چوارەمین گەشتی دەرەكیی زەیدییە دوای ئەوەی پێشتر سەردانی هەریەكە لە ئەمریكا، ئێران و توركیای كردبوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو