وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەبێ ئەوەی بژاردەی دانوستان بە تەواوی رەتبكاتەوە دەڵێت، دانوستاندن ئامرازێكە بۆ دەستەبەركردنی بەرژەوەندییەكانمان.
ئیسماعیل باقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،دانوستان نە لە بنەڕەتدا باشە و نە خراپە، بەڵكو ئامرازێكە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی وڵات. روونیشیكردەوە، وەزارەتی دەرەوە بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی پەیڕەو دەكات و پاڵپشتی هێزە چەكدارەكان دەكات.
بە قائی باسی لەوەشكرد،دانوستاندن ئامرازێكە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەكانی وڵات، و بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییەكان و دیپلۆماسییەت.سەبارەت بە هەوڵەكانی ناوبژیوانان، بەقائی ئاماژەی بەوەدا كە وەفدێكی قەتەری رۆژی یەكشەممە سەردانی تارانیان كردووە بۆ یارمەتیدان لە كەمكردنەوەی پەرەسەندنەكان.
بەقائی رەخنەی لە رەشنووسی بڕیارنامەی ئەمریكا و ئەوروپا لە دژی تاران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گرت و بە پشتبەستن بە راپۆرتێكی سیاسیكراوی رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسەكە زانی و تەئكیدیشی كردەوە لەوەی،تاران تۆڵەی خۆی دەكاتەوە ئەگەر دەزگای چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیارێك لە دژی بدات.
ئەم لێدوانانە لە كاتێكدایە كە ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا هەوڵدەدەن پشتیوانی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی كۆبكەنەوە بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو بڕیارێك دەربكەن كە ئێران بۆ یەكەمجار لە ماوەی 20 ساڵدا ڕەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بكات.