بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەناو رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی عیراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 وەفدێكی هەرێم دەچێتە بەغداد و داوای 29 ترلیۆن دینار دەكەن.
سەبارەت بە پرسی نوسینەوەی بودجەی ساڵی نوێی 2027 بڕیارە وەفدێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغداد بكات و لەكاتی نوسینەوەی بەدجەی ساڵی نوێدا ئامادەیی هەبێت.
بەپێی زانیارییەكان،حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پاكێجێكی دارایی 29 ترلیۆن دینارییەوە چووەتە نێو پرۆسەی داڕشتنی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی 2027ـی عیراق.
بەشداریكردنی وەفدی باڵای دارایی هەرێم لەگفتووگۆكانی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەچەند رۆژی داهاتوودا كاراتر دەبێت، جگە لەوەش نوێنەرانی كورد لەبەغداد هەوڵ دەدەن بۆ چەسپاندنی شایستە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە و دامەزراندنی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست لەناو پرۆژە یاساكە، بۆ ئەو مەبەستە لەسەر ئاستی وەفدی باڵای حكومەت و نوێنەرانی كورد لەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو ژمارەیەك كۆبوونەوە ئەنجامدەدرێت، بەڵام تائێستا دیار نیە كە وەفدی حكومەت و نوێنەرانی كورد لەبەغداد بەچی میكانیزمێك و بەشێوازی یەكدەنگی داوای مافەكانی كورد دەكەن، یاخود هەوڵەكانیان لەسەر ئاستی فراكسیۆنی جیاواز دەبێت. بەپێی زانیارییەكانی گەلی كوردستان تائێستا نەتوانراوە هیچ هەماهەنگیەك بكرێت بۆ ئەوەی هەوڵەكان لەچوارچێوەی یەك پاكێج رێكبخرێن.