ئێران دەیەوێت ناوچەی قەدەغەكراو لەدەرەوەی گەرووی هورمز رابگەیەنێت

عیراق 11:41 AM - 2026/09/07

ئێران ئاسۆی جەنگی دەریایی و گەمارۆكان لەگەڵ ئەمریكا فراوانتر دەكات، هاوشێوەی گەرووی هورمز، لەناوچەی تریش جوڵەی دەریایی و بازرگانی كەشتییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی پەك دەخات، بەڵام هێشتا ناوی ناوچەیەی رانەگەیاندووە.

موحسین ڕەزایی، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بەنیازە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ناوچەی قەدەغەكراوی تر لە دەرەوەی گەرووی هورمز دابمەزرێنێت، ئەمەش وەك نوێترین هەنگاوی تاران لە نێوان پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و ئابووری لەگەڵ ئەمریكا خوێندنەوەی بۆدەكرێت.

ڕەزایی ڕۆژی یەكشەممە بە تەلەفزیۆنی رەسمی ئێرانی ڕاگەیاندووە، ئەو ناوچەیە لە هێڵی گەمارۆدانەوە دەستپێدەكات كە لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریكاوە سەپێنراوە و بەشێك لە كەنداو دەگرێتەوە.

وتیشی، هەر كەشتییەك بچێتە ناو ناوچە نوێیەكەوە دەخرێتە ناو لیستی سزاكانی ئێرانەوە، بەبێ ئەوەی سروشتی ئەو ڕێوشوێنانە دیاری بكرێت كە تاران بەرامبەر ئەو كەشتییانە دەیگرێتە بەر كە سنوورداركردنەكانیان پێشێل دەكەن.

هەروەهاس موحسین ڕەزایی باسیلەوەشكردووە، گەرووی هورمزبەتەواوی داخراوە و لەژێر كۆنترۆڵی هێزە چەكدارەكانی ئێراندایە، ئەمەش پێچەوانەی لێدوانەكانی لێپرسراوانی ئەمریكایە كە دەڵێن: هاتوچۆی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لە ڕێگەی ڕێڕەوی ئاوی ستراتیژییەوە لەگەرووی هورمز بەردەوامە.

كریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریكا ڕۆژی یەكشەممە ڕایگەیاندبوو: ڕۆژانە زیاتر لە نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت وڕێگاكانی دابینكردنی بەدیل ڕێژەی نەوت بەرز دەكەنەوە بۆ نزیكەی دوو لەسەر سێی ئەو ئاستەی كە پێش دەستپێكردنی وەستانی ئێستا تۆماركراوە.

گرژیی و ئاڵۆزییەكانی نێوان تاران و واشنتن تادێت زیاتر پەرە دەسەنێت و هیچ ئاسۆیەكیش بۆ رێككەوتن و گەڕانەوە بۆسەر میزی گفتووگۆ بەئامانجی  كۆتایهێنان بە ناكۆكی و شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە نابینرێت

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو