كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەنگی لەسەر بڕیارنامەیەك دا كە لەلایەن چەند وڵاتێكی ئەفریكاوە سەرپەرشتی دەكرا، بۆ پەسندكردنی نەخشەیەكی نوێی جیهان. ئەم نەخشەیە قەبارەی كیشوەری ئەفریكا گەورەتر نیشان دەدات و لە بەرامبەردا ئەمریكای باكوور و ئەورووپا بچووك دەكاتەوە، ئەوەش بە ئامانجی گەیشتن بە وێناكردنێكی وردتر بۆ جوگرافیای جیهان.
ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن 164 وڵاتەوە پشتگیری كرا، لە كاتێكدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەنگی دژی دا و شەش وڵاتی تریش بێلایەن بوون.نەخشە نوێیەكە كە بە زەویی یەكسان ناسراوە، وەك بژاردەیەك بۆ چاككردنی وردیی نەخشەسازیی جیهان پێشنیاز كراوە.
نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە وڵاتانی ئەندام دەكات ئەم نەخشەیە بەكاربێنن لەبری نەخشەی مێركاتۆر كە لە ساڵی 1569 لەلایەن نەخشەساز جێراردوس مێركاتۆر بۆ مەبەستی گەشتە دەریاییەكان دروستكرابوو.
نەخشەی مێركاتۆر هەرچەندە بۆ دیاریكردنی ئاراستەكان ورد بوو، بەڵام قەبارەی راستەقینەی وشكانییەكانی وەك خۆی دەرنەدەخست. ئەو نەخشەیە ناوچەكانی باكووری گۆی زەویی زۆر گەورەتر نیشان دەدا، بە جۆرێك ئەورووپا و ئەمریكای باكوور یەكجار گەورە دەردەكەوتن و لە بەرامبەردا ئەفریكا و ئەمریكای باشووری بچووك دەكردەوە.
نەخشە نوێیەكە كە لە ساڵی 2018 لەلایەن گرووپێك نەخشەسازەوە دروستكراوە، قەبارەی راستەقینەی كیشوەرەكان دەپارێزێ. لەم نەخشە نوێیەدا ئەفریكا، ئەمریكای باشوور و ئاسیا زۆر گەورەتر دەردەكەون.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا كە یەكێك بوو لەو وڵاتانەی پشتگیریی بڕیارنامەكەی كرد، رایگەیاند، چیتر كار بە نەخشەی مێركاتۆر ناكات.
بڕیارە لە ساڵانی داهاتوودا ئەم نەخشە نوێیە لە پڕۆگرامەكانی خوێندن و ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا جێگەی نەخشە كۆنەكە بگرێتەوە تا مێژووی 500 ساڵەی باڵادەستیی جوگرافیی وڵاتانی باكوور كۆتایی پێ بهێنرێت.