لەناو كەنیسەیەكی ئوردن هێرشی چەكداری ڕوویدا و كوژراو و برینداری لێكەوتەوە

عیراق 09:55 PM - 2026/10/23

لەناو كەنیسەیەكی ئوردن هێرشی چەكداری ڕوویدا و كوژراو و برینداری لێكەوتەوە 
لەناو كەنیسەیەكی پارێزگای كەرك لە ئوردن هێرشی چەكداری ڕوویدا، بەهۆیەوە ژمارەیەك كەس كوژران و برینداربوون.
تەلەفزیۆنی ڕەسمیی ئوردن لەوبارەیەوە ئاشكرایكردووە، هێرشەكە لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە ئەنجامدراوە و ژمارەیەك كەس كوژراون و برینداربوون، هێزە ئەمنیەكانیش ڕووبەڕووی چەكدارەكان بوونەتەوە و بەدوایاندا دەگەڕێن.
بەهۆی هێرشەكەوە 7 كەس كوژراون و 34ی تر برینداربوون، هێرشەكەش لەكاتی ڕێوڕەسمی ماڵئاواییكردن بووە لە تەرمێك لە كەنیسەكە.
وەك لە گرتە ڤیدیۆییەكاندا دەردەكەوێت، سێ چەكدار لە ئۆتۆمبێل دادەبەزن و تەقە لەناو كەنیسەكە دەكەن، پاشانیش دەچنە ژوورە و پاش تەقەكردنێكی زۆر بە ئۆتۆمبێلەكەیان هەڵدێن. بەپێی هەندێك سەرچاوەش چەكدارەكان ژمارەیان چوار كەس بووە.
محەمەد موئمینی وتەبێژی حكومەتی ئوردن ڕایگەیاندووە، دەزگا ئەمنییەكان بەشوێن چەكدارەكاندا دەگەڕێن و دواتر ڕوونكردنەوە لەبارەی ڕووداوەكەوە بڵاودەكەنەوە.
كەنیسەی حەمود دەكەوێتە گوندی حەمود لە پارێزگای كەرك لە باشووری ئوردن، كەنیسەیەكی تایبەتە بە ئەرسەدۆكسەكان.
مەسیحییەكان كەمینەیەكی ئایینین لە ئوردن، بەپێی ئامارەكانی ئەو وڵاتە ژمارەیان 2% بۆ 3% ی دانیشتوانی ئوردن دەبێت.
مەسیحیەكانی ئوردن بەسەر چەندین مەزهەبی ئاینەكەدا دابەشبوون، لەوانەش رۆمی ئەرسەدۆكس و كاسۆلیك و ئەرمەنیە ئەرسەدۆكسەكان و پرۆتستانتەكان.
پارێزگای كەرك ئامادەبوونێكی مێژوویی مەسیحیەكانی تێدایە، چەندین كەنیسەی مەزهەبە جۆراوجۆرەكانی ئاینەكەی تێدایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو