راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت، حكومەت بەدوای رێگەیەكی بەدیلی گەرووی هورمزدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی نەوتی لێ هەناردە بكات.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی عەلی زەیدی لە لێدوانێكدا رایگەیاند، عیراق لە قۆناغی بەرپەرچدانەوەی قەیرانی گەرووی هورمزدایە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە، بە وتەی ئەو راوێژكارە، پرسی بۆری و دۆزینەوەی سەرچاوەی بەدیل بەشێكە لە بیركردنەوەی دەوڵەت بۆ گواستنەوەی سیاسەتی نەوت و بەبازاڕكردنی نەوت و دوورخستنەوەی لە ململانێی جیۆپۆلەتیكییەكانی ناوچەكە،مەزهەر محەمەد ساڵح روونیشیكردەوە،ئەگەر قەیرانی گەرووی هورمز بەردەوام بێت، عیراق ناچار دەبێت لە ڕێگەی ناوچەكانی دراوسێیەوە نەوت هەناردە بكات، راوێژكارەكەی عەلی زەیدی تەئكیدیشی كردەوە لەوەی،عیراق دەیەوێت ئەو سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلەیە كە پێشتر سەدا 80 بۆ 85 لە ڕێگەی هورمزەوە هەناردە دەكرا، لە ڕێگەی ناوچەكانی دراوسێیەوە هەناردەی بكات.