بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەك بەهێزی 7.7 پلەی رێختەر لە ناوچەی فلۆریس لە رۆژهەڵاتی ئیندۆنیسیا روویدا و زیانی بە چەندین باڵەخانە و ماڵ گەیاندو هەزاران كەسیش ماڵەكانیش چۆڵكرد بەهۆی هۆشداری لە روودانی تسۆنامییەوە.
بەپێی ئامارەكانی دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمریكی، بوومەلەرزەكە لە قووڵایی 10كیلۆمەتردا روویداوە و ناوەندی بوومەلەرزەكە نزیكەی 68 كیلۆمەتر لە باكووری ڕۆژئاوای شاری ئیندی لە پارێزگای نۆسا تێنگارەی رۆژهەڵات بووە.
دەزگای بەڕێوەبردنی كارەساتەكانی ئیندۆنیسیا رایگەیاندووە، بومەلەرزەكە بۆ ماوەی نزیكەی دەقیقەیەك لە ناگیكیۆ و بیما بە توندی هەستی پێكراوە، كە بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێك لە ماڵەكانیان بەجێبهێڵن، پێش ئەوەی زنجیرەیەك پاشلەرزە بەدوای خۆیدا بهێنێت.
تا ئێستا دەسەڵاتداران بە رەسمی ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارەكانیان رانەگەیاندووە، بەڵام تیمەكانی فریاگوزاری لە ناوچەكانی نزیك ناوەندی بوومەلەرزەكە دەستیان بە هەڵسەنگاندنەكان كردووە.
ئیندۆنیسیا بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیەكەی یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین بوومەلەرزەی تێدا روودەدات. ئەم رووداوە مێژووی تاڵی بوومەلەرزە پڕ قوربانییەكانی ئەو وڵاتەی وەبیر هێنایەوە، لەوانە:
ساڵی 2004، بوومەلەرزەیەكی 9.1پلە لە كەناراوەكانی سوماترا كە بووە هۆی تسونامی و گیانلەدەستدانی 220 هەزار كەس لە ناوچەكە، كە 170هەزاریان تەنیا لە ئیندۆنیسیا بوون.
ساڵی 2018ش بوومەلەرزەیەك لە دوورگەی لۆمبۆك زیاتر لە 550 كەسی كوشت.