وەزارەتی نەوتی عیراق لەگەڵ كۆمپانیای جەی جی سی ژاپۆنی رێككەوت بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی ئێف سی سی لە پاڵاوگەی شوعەیبیە، بۆ زیادكردنی پێنج ملیۆن لیتر بەنزین و حەوت ملیۆن لیتر گازوایل و 400 تۆن غازی شل بە شێوەی رۆژانە.
بەپێی زانیارییەكان، وەزارەتی نەوتی عیراق گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ژاپۆنی بەناوی جەی جی سی ئیمزاكردووە بە مەبەستی زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی بەنزین، گازوایل و غازی شل، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمپانیاكە دەستیكردووە بە گواستنەوەی كارمەندان و ئامادەكردنی یەكەكان بۆ دەستپێكردنەوەی كار.
جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی سووتەمەنی دەبێت، چونكە توانای بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن لیتر بەنزین و حەوت ملیۆن لیتر گازوایلی رۆژانە دابین دەكات، هەروەها بڕی 400 تۆن غازی شڵی ئێڵ پی جی بۆ ناوخۆی عیراق زیاد دەكات.
پڕۆژەی ئێف سی سی، پرۆسەیەكی پێشكەوتووی پاڵاوتنی نەوتییە كە تێیدا هایدرۆكاربۆنە قورسەكان دەگۆڕدرێن بۆ سووتەمەنییە سووك و بەهادارەكان. ئەم پرۆسەیە لە پاڵاوگەی شوعەیبیە لە پارێزگای بەسڕە ئەنجام دەدرێت و لە ژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاڵاوگەكانی باشوور و ڕاوێژكارانی وەزارەتی نەوتدایە.
ئامانجی وەزارەتی نەوت لەم هەنگاوە دابینكردنی پێداویستییەكانی ناوخۆ و كەمكردنەوەی پشتبەستنە بە هاوردەكردنی سووتەمەنی لە دەرەوەی وڵات.