نەوت بەرزبووەوە و زێڕ پارێزگاری لەنرخەكەی كرد

عیراق 10:07 AM - 2026/08/10

لەگەڵ كرانەوەی بازاڕە داراییەكانی جیهان ، زێڕ پارێزگاری لەنرخەكەی كرد تەنانەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش، چونكە وەبەرهێنەران هێشتا لە نادیاریی دۆخی دیبلۆماسیی نێوان واشنتۆن و تاران دەترسن.

 نرخی نەوتی خاوی برێنت لە سەرەتای مامەڵەكانی ئەمڕۆدا بەرزبووەوە و گەیشتە سەروو 84 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، هەروەها نەوتی خاوی ئەمریكیش ئاستی 79 دۆلاری تێپەڕاند. ئەمە سێیەمین بەرزبوونەوەی یەك لەدوای یەكی بازاڕەكانە كە نەوت تێیدا گەشە دەكات، بەهۆی نیگەرانییەكان لە پەككەوتنی گواستنەوەی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە بازاڕی كانزا گرانبەهاكانیشدا، نرخی زێڕ لە سەروو چوار هەزار و 300 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك جێگیر بووە، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بە رێژەی سەدا حەوت  بەرزبووەوە. پاڵپشتی سەرەكی بۆ زێڕ لەم ساتەدا، داتاكانی بازاڕی كاری ئەمریكایە كە نیشانی دەدەن ئابووریی ئەو وڵاتە لە مانگی تەممووزدا بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو 23 هەزار هەلیكاری لەدەستداوە، لە كاتێكدا پێشبینی دەكرا 80 هەزار هەلیكاری نوێ بڕەخسێنرێت.ئەم داتا لاوازانەی ئەمریكا وایكردووە بازرگانان پێشبینییەكانیان بۆ بەرزكردنەوەی سوودی بانكی لەلایەن بانكی ناوەندیی ئەمریكاوە كەم بكەنەوە. ئێستا بازاڕەكان پێیان وایە تەنیا  سەدا 44 ئەگەری هەیە لە مانگی ئەیلوولدا سوودی بانكی بە رێژەی  سەدا سفر پۆینت 25 بەرز بكرێتەوە، لە كاتێكدا هەفتەی رابردوو ئەو ئەگەرە  سەدا 67 بوو. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو