بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستی کۆیە هۆشیاری بەپەلە بڵاوکردەوە؛ هاوڵاتیان لە مەترسی گەرما و خواردنی سەوزە و میوەی ناپاک ئاگادار دەکرێنەوە
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی بەکارهێنانی سەوزە و میوە لە وەرزی هاوین، بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تەندروستیی کۆیە هۆشیاریی و ڕێنمایی بەپەلەی ئاراستەی هاوڵاتیانی قەزای کۆیە کردووە، داوایان لێدەکات بە وردی ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆیان و خێزانەکانیان.
بەپێی ئەو هۆشیارییە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەتوانێت هۆکاری خراپبوونی خێرای خواردەمەنییەکان و گەشەکردنی میکرۆب و پەتاکان بێت، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان تەنها ئاوێکی پاک و سەرچاوەی دڵنیابوو بۆ خواردنەوە بەکاربهێنن و لە کڕینی سەوزە و میوە لە شوێنە نایاسایی یان ئەو بازارانەی مەرجەکانی تەندروستییان تێدا ڕەچاو ناکرێت خۆبپارێزن. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێشخواردن، سەوزە و میوەکان بە باشی بشۆردرێن و پاک بکرێنەوە و لە شوێنێکی گونجاو هەڵبگیرێن.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستی کۆیە بانگەوازی لە هاوڵاتیان کردووە هاوکاربن بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی، ڕێنماییە تەندروستییەکان بە جدی وەربگرن و هەر سەرپێچییەک لە بواری فرۆشتنی خواردەمەنی و سەوزە و میوەی ناتەندروست بە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان بگەیەنن.