وەزارەتی دادی عیراق لە بەرژەوەندیی كۆمپانیای گشتیی پاڵاوگەكانی باشوور، دۆسیەیەكی لە كۆمپانیایەكی ئوردنی بردەوە و بڕیارەكەش پلەی كۆتایی وەرگرتووە.
وەزارەتی دادی عیراق ڕایگەیاند، لە ڕێگەی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتەكەیانەوە، توانیویانە لەدادگای پێداچوونەوەی عەممان لەئوردن دۆسیەیەكی یاسایی ببەنەوە، كە بەهۆیەوە كۆمپانیایەكی ئوردنی پابەند دەكات بە پێدانی قەرەبووی دارایی بە كۆمپانیای گشتیی پاڵاوگەكانی باشوور، كە سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراقە.
وەزارەتی داد لەبارەی وردەكاریی دۆسیەكە دەڵێت، كۆمپانیا ئوردنییەكە ئەو پابەندییانەی نێو گرێبەستەكەی پێشێلكردووە، كە ساڵی 2011 لەگەڵ كۆمپانیای گشتیی پاڵاوگەكانی باشوور واژۆی كردووە و بەو هۆیەوە سكاڵایان لەسەر تۆمار كردووە.
گرنگیی بڕیارەكە لەوەدایە لەلایەن دادگایەكی ئوردنییەوە لە بەرژەوەندیی عیراق دەركراوە و بڕیارەكە پابەندی یاسایی كۆتایی وەرگرتووە.