قوباد تاڵەبانی و هاکان فیدان لە ئەنقەرە کۆبوونەوە

کوردستان 05:19 PM - 2026/07/03

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ئامادەبوونی دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سەردانێکیدا بۆ تورکیا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و لەبارەی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی هەینی(3/7/2026) لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی دواین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا. قوباد تاڵەبانی پشتگیری هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لەوەی کە دەبینێت حکومەتی تورکیا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە سوورن لەسەر بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی پرۆسەکە.
قوباد تاڵەبانی پرۆسەی ئاشتی بە پرۆسەیەکی مێژوویی و گرنگ بۆ تورکیا و ناوچەکە ناوبرد و رایگەیاند بە متمانە و ئومێدێکی زۆرەوە لە هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە دەڕوانن و هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەن بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە.
هیواشی خواست ئەم قۆناغە نوێیە ببێتە هۆی زیاتر پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش پارێزگای سلێمانی لە بوارەکانی بازرگانی و خوێندنی باڵادا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بە تایبەتیش شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کرا. جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند هەرێمی کوردستان نەک نابێتە بەشێک لە ململانێ و ئاڵۆزییەکان بەڵکو بە هەموو تواناوە لەگەڵ هاوبەشەکانی کار دەکات بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پرسی بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە و عێراق و ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە و پێویستە لایەنەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە نوێیەدا هەوڵ بدەن هەرچی زووتر حکومەتی نوێ پێک بهێنن و دواکەوتنی لەوە زیاتری ئەم پرسە زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت.
جەختیشی کردەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە کە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی بکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو