محەممەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، لە ئەگەری نیشاندانی نیازی خراپ، پێشێلكردنی رێككەوتننامەكە و داواكاریی زێدەڕۆیانە، دوودڵ نابن لە وەڵامی كوشندە و تێكشكێنەر بۆ سەر دووژمن.
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، بەرەبەیانیی رۆژی هەینی لە پلاتفۆرمی ئێكس نوسیویەتی: ئێمە لەژێر فەرمانی موجتەبا خامنەییداین؛ ئەو ئەركەی لەلایەن رابەری باڵاوە بە ئێمە سپێردراوە، بەدواداچوونە بۆ بەدیهێنانی مەرج و بەندەكانی رێككەوتنەكە. لە ئەگەری نیشاندانی نیازی خراپ، پێشێلكردنی رێككەوتننامەكە و داواكاریی زێدەڕۆیانە لە لایەنی بەرامبەرەوە، ئێمە هیچ دوودڵ نابین لە وەشاندنی وەڵامێكی كوشندە و تێكشكێنەر بۆ سەر دووژمن.
لەبارەی ئەمریكاشەوە باسی لەوە كردووە، ئەوان جارێك لە كاتی جەنگدا زلەیان لێدراوە؛ ئەگەر دەیانەوێت دووبارە بەو رێگەیەدا بڕۆنەوە، ئەوا زلەیەكی بەهێزتر و قورستریان بەردەكەوێتەوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە رۆژی هەینی، حكومەتی سویسرا بە رەسمی رایگەیاند كە دانوستاندنە بڕیارلێدراوەكانی تایبەت بە جێبەجێكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان ئەمریكا و ئێران بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دواخراون.