رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، سەرەڕای هەبوونی سەرنج و تێڕوانینی جیاواز لەسەر یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتۆن، بەڵام دوای بەڵێنەكەی پزیشكیان بە پاراستنی تەواوی مافەكانی گەل، رەزامەندیی لەسەر ئیمزاكردنی یادداشتەكە نیشانداوە.
ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوە كرد، سەرۆكی ئەمریكا بەهۆی بێتوانایی و لە گۆشەنیگای لاوازییەوە سەرجەم ئامرازەكانی خۆی بەكارهێناوە بۆ ئەوەی بگاتە ئیمزاكردنی ئەم یاداشتی لێكتێگەیشتنە لەگەڵ ئێراندا.
رابەری باڵای ئێران، باسی لەوە كرد، سەرەڕای ئەوەی پێشتر تێڕوانینێكی جیاوازی هەبووە سەبارەت بە یاداشتی لێكتێگەیشتنی نوێی نێوان تاران و واشنتۆن، بەڵام دوای بەڵێنەكەی مەسعود پزیشكیان بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی وڵاتەكە، رەزامەندیی لەسەر یادداشتەكە دەربڕیوە.
لە درێژەی پەیامەكەیدا ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی، پێگەی هێزەكانی ناوخۆی بەرز نرخاند و وتی، لێپرسراوانی ئێران لە ماوەی رابردوودا هەوڵێكی زۆر و بێوچانیان داوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیپلۆماسی بگەیەننە ئەم قۆناغەی ئێستا كە بریتییە لە ئیمزاكردنی یادداشتی لێكتێگەیشتنەكە لەگەڵ لایەنی ئەمریكی.
موجتەبا خامنەیی دەشڵێت، لە داهاتوودا دانوستانی راستەوخۆ لەنێوان هەردوو وڵات دەكرێت و دانوستان بەمانای قبوڵكردنی بۆچوونەكانی دوژمن نایەت و سەر بۆ داواكاریەكان دانانەوێنین و لەم ساتەوە چاوەڕوانی جێبەجێكردنی مەرج و خاڵەكانی ئەو رێكەوتنە دەكەین.