چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان تەئكید لە پێویستیی پەلەكردن لە تەواوكردنی كابینەی حكومەتەكەی عەلی زەیدی دەكەنەوە.
شەوی ڕابردوو، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی هومام حەموودی، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی كۆبوونەوە. لەم دیدارەدا كە بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق بەڕێوەچوو، دوایین پێشهاتە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەكانی وڵات تاوتوێ كران.
عەلی زەیدی لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجامی دیدارەكەی خۆی لەگەڵ تۆم باراك، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی خستەڕوو. زەیدی ئاماژەی بەوە كرد، لەو دیدارەدا ئەو پرسانەیان تاوتوێكردووە كە پەیوەستن بە حكومەتی عیراق و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی وڵات، بەجۆرێك كە بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاكان و سەروەریی عیراق بپارێزرێت.
بەشێكی سەرەكیی كۆبوونەوەكە تەرخانكرا بۆ پرسی تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەی وەزاریی عیراق. لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی تەئكیدیان كردەوە كە دەبێت پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی ئەم شایستە دەستوورییە، چونكە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزتركردنی كارەكانی حكومەت و گەرەنتی جێبەجێكردنی بەرنامەی وزاری و بەدیهێنانی داواكارییەكانی هاوڵاتیان دەكات.
سەرۆكوەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەكەدا دووپاتی كردەوە ،پاراستنی سەقامگیری و پتەوكردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە كارە لەپێشینەكانە. چوارچێوەی هەماهەنگیش پشتیوانی خۆی بۆ تەواوكردنی هەموو بڕگەكانی بەرنامەی حكومەت دەربڕی تا دامەزراوەكانی دەوڵەت بە تەواوی تواناكانیانەوە دەستبەكار بن.