بەرگریی شارستانی هەرێم: لە شەش مانگدا 30 کەس خنکاون

کوردستان 02:02 PM - 2026/06/18


بەرگریی شارستانی هەرێم هۆشداریی توند دەداتە هاوڵاتیان و گەشتیاران لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی چەم و ڕووبارەکان و داوا دەکات بە هیچ شێوەیەک مەلە نەکەن چونکە ئاوەکە زۆر سارد و بەخوڕە و مەترسیی جدی لەسەر ژیانیان دروست دەکات.

سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا 30 گەشتیار لە نێو بەنداو و ڕووبارەکانی هەرێمدا خنکاون."

ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک لەو قوربانییانە مەلەوانی باشیش بوون، بەڵام بەهۆی ساردی و تیژیی ئاوەکە، لەگەڵ نادیاریی سروشتی ڕووبارەکان کە پڕن لە قووڵی و تەنکیی لەناکاو، نەیانتوانیوە بە سەلامەتی بێنە دەرەوە.

وتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاشکرای کرد، %98ی ئەو کەسانەی لە ئاوەکاندا خنکاون، گەنجانن و تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 25 ساڵیدایە.

ناوبراو جەختی کردەوە، لە تەواوی ناوچە گەشتیارییەکاندا بە تابلۆی ڕێنمایی و بە هەر سێ زمانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) هۆشداری دراوە کە مەلە نەکەن، بەتایبەت ئەمساڵ کە بەهۆی زیادبوونی ئاوی بەنداوەکانەوە مەلەکردن زۆر ئەستەم و مەترسیدار بووە.

سەرکەوت کاڕەش دەڵێت: "پێویستە خاوەنی تەواوی ناوچە گەشتیارییەکان و بەلەمەکان خۆیان مەلەوان بن، هەروەها سەرکەوتنی گەشتیاران بۆ ناو بەلەمە گەشتیارییەکان بێ هێلەک (چاکەتی فریاکەوتن) و چۆپی مەلەوانی بە تەواوی قەدەغەیە."

ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا بەهۆی ئامادەیی تیمەکانەوە 130 کەس لە خنکان ڕزگارکراون، بەڵام تەنها ڕێگایەک کە هاوڵاتیان لە کارەسات دووربخاتەوە، مەلەنەکردن و دوورکەوتنەوەیە لە ڕووبارەکان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو