رۆژی هەینی، حكومەتی سویسرا بە رەسمی رایگەیاند كە دانوستاندنە بڕیارلێدراوەكانی تایبەت بە جێبەجێكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان ئەمریكا و ئێران بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دواخراون. ئەو بڕیارەش چەند سەعاتێك دوای ئەوە دێت كە گەشتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە پەیامێكدا كە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە، رایگەیاند: ئەو دانوستاندنەكان كە بڕیار بوو لە نێوان ئەمریكا، ئێران، قەتەر و پاكستاندا بەڕێوەبچن، دواخراون. وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بەبێ دیاریكردنی وادەیەكی نوێ بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان، ئاماژەی بەوەش كرد: سویسرا بەردەوام لە ئامادەییدایە بۆ ئاسانكاریكردن لەم دانوستانەكاندا و ئامادەكارییە پێویستەكان لە ناوچەی بورگنبستۆك بەردەوامن.
سەبارەت بە هۆكاری دواخراستنی دانوستانەكان، كۆشكی سپی رایگەیاند كە گەشتی وەفدی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی وڵات بۆ دەستپێكردنی دانوستاندنە تەكنیكییەكان لەگەڵ ئێران، بەهۆی ئاڵۆزیی رێكارە لۆجیستییەكانی تایبەت بە پرۆسەی گفتوگۆكان دواخراوە.
وتەبێژێكی كۆشكی سپی لە روونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەكانی رێككەوتنی نێوان واشنتن و تاران دەڵێت: پلانەكانی تایبەت بە دانوستاندنە تەكنیكییەكانی داهاتوو هێشتا كۆتاییان نەهاتووە، بەڵام وەفدی ئەمریكا ئامادەیە لە یەكەم دەرفەتی گونجاودا بەڕێبكەوێت بۆ سویسرا. تەئكیدی لەوەش كردەوە كە رێكارە لۆجیستییەكانی ئەو جۆرە دانوستاندنانە هیچ كاتێك سادە و پێشبینیكراو نین.