عراقچی: ئێران سەلماندی هێزێكی كاریگەری ناوچەكەیە

عیراق 12:13 PM - 2026/05/15

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران توانیویەتی وەك هێزێكی كارا و یاریزانێكی كاریگەر لە ناوچەكەدا خۆی بسەلمێنێت.
عەباس عراقچی لەچاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، ئێران توانای خۆی بۆ روبەڕووبوونەوەی گەورەترین هێزەكان سەلماندو وڵاتانی گرووپی بریكس دوای شكستی هێرشەكانی ئەمریكا، ئێستا بەچاوێكی جیاوازەوە سەیری ئێران دەكەن. ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو وڵاتان دان بەوەدا دەنێن  ئێران لە جەنگەكەدا سەركەوتوو بووە و توانی ئیرادەی خۆی بسەپێنێت و ئامانجەكانی دوژمنانی پووچەڵ بكاتەوە.لە قسەكانیدا عراقچی بە توندی باسی لە هەڵوێستی ئیمارات كرد و وتی: ئیمارات لە جەنگەكەدا لەپاڵ ئەمریكا و ئیسرائیل وەستاوە، زانیاری ورد و بەڵگەی روونیشیان لەبەردەستە كە ئەوە دەسەلمێنن، وئێران تەنها ئەو ئامانجە ئەمریكییانەی پێكاوە كە لە خاكی ئیماراتدا بوون.عراقچی ئاشكرایكرد: نەیاندەویست ئەم بابەتانە بخەنەڕوو لەپێناو پاراستنی یەكڕیزی گرووپی بریكس، بەڵام بەهۆی ئەوەی نوێنەری ئیمارات باسی كرد،ناچار بوون راستییەكان ئاشكرا بكەن. وئامۆژگاری ئیماراتیان كردووە كە ئەمریكا و ئیسرائیل ناتوانن ئاسایشی بۆ دابین بكەن، باشترە ئیمارات سیاسەتی خۆی بەرامبەر ئێران بگۆڕێت، چونكە دوو دراوسێن و مێژوو و داهاتوویەكیان پێكەوە بەستراوەتەوە.لە كۆتایی قسەكانیدا عراقچی  رایگەیاند،ئاسایش دەبێت لە رێگەی هاوكاری نێوان وڵاتانی ناوچەكە بەدەست بهێنرێت، نەك بە پشت بەستن بە هێزە بیانییەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو