سەردانەكەی ترەمپ بۆ چین كۆتاییهات و گەڕایەوە بۆ ئەمریكا

عیراق 10:37 AM - 2026/05/15

     
سەردانە دوو رۆژییەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ چین كۆتایی هات و  هەردوو وڵات لەسەر دروستكردنی بۆردێكی بازرگانیی هاوبەش رێككەوتن، ئەمەش بە ئامانجی رێگریكردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ناكۆكییە بازرگانییەكان كە لە ساڵانی رابردوودا زیانی گەورەی ئابوورییان لە چین و ئەمریكا داوە.
 بەپێی ئامارەكان، شەڕی بازرگانی كاریگەرییەكی تووندی لەسەر قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان پەكین و واشنتۆن هەبووە. لە ساڵی 2025دا، هەناردەی چین بۆ ئەمریكا بە بڕی 130 ملیار دۆلار دابەزیوە. لە بەرامبەردا، هەناردەی ئەمریكا بۆ چین بە رێژەی 25٪ كەمی كردووە و بۆ تەنیا 106 ملیار دۆلار دابەزیوە.
 تاوەكو ساڵی 2018، پێناسی گومرگی سەر كاڵای چینی لە ئەمریكا تەنیا 3.1٪ بوو، بەڵام ئەم رێژەیە لە ساڵی 2024 بۆ 10.9٪ بەرزبووەوە و لە ساڵی 2025دا ئاستێكی پێوانەیی تۆماركرد و گەیشتە 31.6٪. تەنانەت بۆ هەندێك كاڵای وەك ئەلەمینیۆم و ئاسن، پێناسی گومرگی گەیشتووەتە نزیكەی 70٪.
هارلی سیدین سەرۆكی ژووری بازرگانی ئەمریكا لە باشووری چین، ئاماژە بەوە دەكات كە سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چین دەبێتە هۆی فراوانبوونی هاوكارییەكان. سیدین دەڵێت: پێیوایە سەردانەكە دەبێتە هۆكار بۆ كەمكردنەوەی پێناسە گومرگییەكان، كە بابەتێكی زۆر گرنگ و جەوهەرییە.
 سەردانی ترەمپ بۆ چین لە كاتێكدایە كە جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخەكانی وزە، فشارێكی زۆری خستووەتە سەر ئابووری هەردوو وڵات. لای خۆشییەوە شی جینپینگ، سەرۆكی چین، تەئكید لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات زیاترە لە جیاوازییەكانیان.شی جینپینگ دەڵێت: كاتێك هاوكاری دەكەین هەردوولا سوودمەند دەبین، كاتێكیش ڕووبەڕووی یەك دەبینەوە هەردوولا زیان دەكەین. پێویستە چین و ئەمریكا لەبری ئەوەی ڕكابەر بن، ببنە هاوبەشی یەكدی و ڕێگەیەكی گونجاو بدۆزنەوە بۆ ئەوەی وەك دوو زلهێز پێكەوە هەڵبكەن.
 تەنیا چین پێویستی بە بازاڕی ئەمریكا نییە، بەڵكو جووتیارانی ئەمریكاش چاویان لە گەڕانەوەیە بۆ بازاڕەكانی چین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو