ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق: 1068 كەس قوربانی دەستی عەجاج بوون

عیراق 10:19 AM - 2026/05/15


ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق بە رەسمی  رایگەیاند ،سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانبار (عەجاج ئەحمەد حەردان)  دەرچووە، بەهۆی ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی و برسیكردن.
بەپێی راگەیەندراوێك كە لە هەژماری  دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق بڵاوكراوەتەوە  ،  بڕیاری لەسێدارەدانی عەجاج ئەحمەد حەردان،  دوای ئەوە دراوە، كە تاوانباركردنی بە كردەی كۆمەڵكوژی دژی گیراوان چەسپێنراوە. ئەم تاوانانە لەناو زیندانی نوگرە سەلمان و لە چوارچێوەی شاڵاوەكانی ئەنفالی ساڵی 1988دا ئەنجام دراون.دادگا ئاماژەی بەوەكردووە، عەجاج لە كاتی پرۆسەی ئەنفالدا، سیاسەتێكی وەحشیگەرییانەی بەرامبەر ئەو  هاووڵاتیانە بەكارهێناوە، كە لەو زیندانەدا دەستبەسەر بوون، بێ ئەوەی ڕەچاوی تەمەن یان ڕەگەزیان بكات.
بەپێی راگەیەندراوەكەی دادگا، تاوانبار عەجاج پەنای بردووەتە بەر ئەشكەنجەدان و برسییكردن. تاوانەكان گەیشتوونەتە ئاستێك كە ژن، منداڵ و كەسانی بەتەمەنی تا كاتی گیانلەدەستدانیان برسی كردووە و دواتر لە گۆڕی بەكۆمەڵدا ناشتوونی.لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە ، جگە لە ئەشكەنجە، تاوانبار هەستاوە بە زەلیلكردن و بێسەروشوێنكردنی گیراوان. ئاماری ئەو قوربانییانەی كە بەدەستی ئەم تاوانبارە بوونەتە قوربانی، دەگاتە  هەزار و 68 كەس.
بەپێی زانیارییەكان، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق، ئەم سزایە لەسەر بنەمای بڕگەی ماددەكانی (11، 12، 15، و 24) لە یاسای دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق، ژمارە 12ی ساڵی 2005 دەرچوواندووە. ئەم ماددە یاساییانە تایبەتن بەو تاوانە نێودەوڵەتییانە، كە پەیوەستن بە كۆمەڵكوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.

نوگرە سەلمان قەڵایەكی سەربازیی كۆنە، دەكەوێتە قووڵایی بیابانی پارێزگای سەماوە لە باشووری عیراق. لە كاتی ئەنفالدا، ئەم شوێنە كرا بە یەكێك لە گەورەترین و ترسناكترین كەمپەكانی كۆكردنەوە و زیندانیكردنی كوردە ئەنفالكراوەكان (بەتایبەت خەڵكی ناوچەی گەرمیان). نوگرە سەلمان بەوە ناسراوە، كە شوێنی مەرگی هێواش بووە، هەزاران منداڵ، ژن و پیر بەهۆی برسییەتی، تێنوێتی، گەرمای بیابان و نەخۆشیی گواستراوەوە لەوێدا گیانیان سپاردووە. زۆرێك لە قوربانییەكان لە گۆڕی بەكۆمەڵ و لە دەوروبەری قەڵاكەدا نێژراون و تا ئێستاش وەك برینێكی قووڵ لە یادەوەریی نەتەوەیی كورددا ماوەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو