ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران و تاران دەتوانێت متمانە بە گواستنەوەی یۆرانیۆمەكە بۆ دەوڵەتێكی دۆست بكات.
پوتین لەلێدوانێكدا ئامادەیی روسیای دەربڕی بۆ ئەوەی ئەزموونی پێشووی كۆگاكردنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران دووبارە بكاتەوە و وتی: ئێران لە بواری ئەتۆمیدا متمانەی بە روسیا هەیە و بۆ ئەم متمانەیەش پاساوی تەواوی هەیە.
سەبارەت بە جەنگی ئێران و ئەمریكا، سەرۆككۆماری روسیا رایگەیاند، بەردەوامیی ئەم ململانێیە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكدا نییە و هیوای خواست لە زووترین كاتدا كۆتایی پێ بێت.
باسی لەوەشكرد،جەنگی نێوان تاران و واشنتۆن زۆر ئاڵۆزە و مۆسكۆی خستووەتە دۆخێكی سەختەوە، چونكە ئەوان پەیوەندییەكی باشیان هەم لەگەڵ ئێران و هەم لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی كەنداویشدا هەیە.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتۆن، پوتین ئاماژەی بەوە كرد، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە راستگۆییەوە هەوڵ بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و چارەسەر دەدات، بەڵام ئەم بابەتە لە پلەی یەكەمدا پەیوەندیی بە روسیا و ئۆكرانیاوە هەیە.