پڕۆسەی گواستنەوەی زیارەتكارانی هەرێمی كوردستان بۆ ناو خاكی عەرەبستانی سعودیە بەردەوامیی هەیەو تا ئێستا نزیكەی هەزار زیارەتكاری هەرێمی كوردستان گەیشتوونەتە سعودیە.
وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمیش دووپاتی دەكاتەوە كە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە تەواوی كاروانەكان دەگەنە جێی مەبەست و خزمەتگوزاریی تەواویان بۆ دابینكراوە.
كاروان ستونی وتەبێژی رەسمی حەج و عومڕەی كوردستان راگەیاند: تا ئێستا زیاتر لە 880 هاووڵاتی كوردستان بە سەلامەتی گەیشتوونەتە خاكی سعوودیە.
ئەوەیشی خستەڕوو، بە پێی خشتەی دیاریكراو تا رۆژی 17/5/2026 تەواوی زیارەتكارانی كوردستان دەگەنە سعودیە و تیمەكانیان بە باشترین شێوە بە پێشوازییەكی زۆر گەرم و جیاواز لە چاوەڕوانی گەیشتنی ئەو زیارەتكارانەدان.
بەگشتی لە عیراق بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ نزیكەی 40 هەزار زیارەتكار بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج سەردانی مەككە دەكەن، كە لەو ژمارەیە، پێنج هەزار و 120 كەسیان لە هەرێمی كوردستانەوە گەشت ئەنجامدەدەن، هەروەها هەزار و 262 كەسیان لە سنووری پارێزگای سلێمانییە، كە 704 هاووڵاتیان لە رەگەزی نێرن و 558 هاووڵاتیشیان لە رەگەزی مێن.