ڕۆژی پێنج شەممە جارێكی تر (عەجاج ئەحمەد حەردان) جەلادەكەی نوگرە سەلمان دەبرێتەوە بەردەم دادگاو پێشبینی دەكرێت لەو دانیشتنەدا چارەنووسی عەجاج یەكلایی بكرێتەوە.
ڕۆژی 7ی ئایاری 2026 دادگایی كردنی (عەجاج ئەحمەد حەردان) بەڕێوەبەری پێشووی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە، لە دادگای باڵای تاوانەكان لە رەسافە بەڕێوەچوو. لە پرۆسەی دادگاییەكەدا ژمارەیەك سكاڵاكارو شایەتحاڵ بەشداری دادگاییكردنی جەلادەكەی نوگرە سەلمانیان كرد.
ئەیاد كاكەیی پارێزەری ئەنفالكراوان لە دۆسیەی عەجاج دا دەڵێت، عەجاجی بەڕێوەبەری پێشووی زیندانی نوگرە سەلمان، دانی بە تاوانەكانیدا ناوە. تاوانەكانی بریتین لە ئەشكەنجەدان، برسیكردن، دەستدرێژیكردنە سەر ژنان و چەندین تاوانی جەنگیی دیكە بەرامبەر بە كوردانی ئەنفالكراو.
هەروەك پێشبینی دەكات، لە دانیشتنی ڕۆژی 14ی ئایاری 2026دا دادگا چارەنووسی عەجاج یەكلایی بكاتەوە.
ئەیاد كاكەیی دەشڵێت، عەجاج لە دادگا هیچ نیشانەیەكی پەشیمانی پێوە دیارنەبوو، تاوەكو ئێستاش شایەتی لەسەر چەند ئەفسەرێك داوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغی وەرگرتنی وتەی تۆمەتبارەكە.
دەزگای هەواڵگریی عیراق لە 31ـی تەمموزی 2025 دەستگیركردنی عەجاج ئەحمەد حەردانی لە شارۆچكەی زلوعییە ڕاگەیاند. دوای دەستگیركردنیشی لە سلێمانی، كەلار و چەمچەماڵ وتەی سكاڵاكاران و شایەتحاڵەكان لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە وەرگیراوەو خراوەتە ناو دۆسیەكەوەو زیاتر لە 300 سكاڵای لەسەر تۆماركراوە.