لیژنەیەكی عیراقی بۆ چەكداماڵینی گروپە چەكدارەكان پێكدەهێنرێت

عیراق 03:36 PM - 2026/05/09

لیژنەیەكی عیراقی كە عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو و محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەر و هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدری تێدان، سەرقاڵی پرۆژەیەكن بۆ جێبەجێكردنی چەكداماڵینی گروپە چەكدارەكان.

پێكهێنانی ئەو لیژنەیە هاوكاتە لەگەڵ فشارە بەردەوامەكانی ئەمریكا بۆ چەكداماڵینی گروپە چەكدارە عیراقیەكان و دوورخستنەوەیان لە حكومەت، لیژنەكە پێشنیارەكەیان داوەتە سەركردەی گروپە چەكدارەكان سەبارەت بە چۆنیەتی چەكداماڵین، بەڵام وەك رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاماژەی پێداوە، هەندێك لە كۆبوونەوەكان بە ئارامی بەڕێوەنەچوون.

پلانەكە بەشێوەیەك داڕێژراوە، چەكی قورس و مامناوەند لەو گرووپانە بسەنرێتەوە و دووبارە پەیكەری حەشدی شەعبی دابڕێژرێتەوە‌و گۆڕانكاری لە هێزە ئەمنییەكانیش بكرێت لەوانەش دەزگای هەواڵگری عیراق.

بەڵام سەرچاوە سیاسییەكان، گومانیان هەیە لە توانای حكومەت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە، باس لەوەدەكات ئەو پرۆژەیە تەنها بۆ كڕینی كاتە، لەبەرامبەردا گرووپە دیارەكانی وەك كەتائیبی حزبوڵا و نوجەبا، ڕەتیدەكەنەوە چەك دابنێن.

ئەم هەنگاوە لەكاتێكدایە، سات بە سات پێكهێنانی حكومەتی عیراق نزیك دەبێتەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت لەگەڵ نزیكبوونەوەی پێكهێنانی ئەو حكومەتەدا فشارەكانی ئەمریكاش زیاتر بن.

تائێستا دیار نییە لەو پرۆژەیەدا چارەنووسی حەشدی شەعبی چی دەبێت، ئەمریكا فشارەكانی بەو ئاڕاستەیەیە كە هەڵبوەشێنرێنەوە، بەڵام حكومەت و لایەنە سیاسیەكانی چوارچێوە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوەدا نین.

وەك سەرچاوە سیاسیەكانی عیراق ئاماژەی پێدەكەن، لەم هەفتەیەدا جەنەراڵ دەیڤد پترایۆس لێپرسراوی پێشووی سی ئای ئەی سەردانی بەغداد دەكات، مەبەستی سەرەكیی سەردانەكەش دڵنیابوونەوەیە لەوەی حكومەتی نوێ پەیوەندی لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان دەپچڕێنێت یاخود نا.

ئەو جەنەراڵەی پێشووی سوپای ئەمریكا، ئێستا هیچ پۆستێكی ڕەسمیی لە ئەمریكا نییە، بۆیە رۆڵی لەم پرۆسەیەدا دیار نییە، بەڵام بەپێی ئەوەی پێشتر كەسی یەكەمی سی ئای ئەی بووە، پێناچێت بێ رۆڵ بێت.

دەیڤد پترایۆس یەكێكە لە دیارترین لێپرسراوە هەواڵگریی و سەربازییەكانی ئەمریكا لەدوای 2003 لە عیراق، ئەزموونی مەیدانی و ستراتیژی جۆراوجۆری هەیە، لەكاتی ڕووخانی ڕژێمەكەی سەدام حسێن سەركردایەتی فیرقەی 101ی سوپای ئەمریكای كردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو