وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق ئامارە نوێیەكانی هەناردەكردنی خورمای بۆ ساڵی 2025 بڵاوكردەوە و ئاماژەی بە گەشەكردنێكی بەرچاوی ئابووری لەم كەرتەدا كرد. مەهدی سەهر جبووری، بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند، بڕی هەناردەكردنی خورما لە ساڵی 2025دا 600 هەزار تۆنی تێپەڕاندووە.
ئاشكراشیكرد، كەرتی بەرهەمهێنانی خورما لەعیراق یەكێكە لە كەرتە كشتوكاڵییە گرنگەكان لەروانگەی ئابوورییەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە كێبڕكێیانەی كە لە بازاڕە جیهانییەكاندا هەیەتی.
بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، لەكۆی زیاتر لە 600 جۆری جیاوازی خورما كە لەناوخۆی عیراقدا بەرهەم دەهێنرێن، جۆری زوهدی زۆرترین رێژەی بەرهەمهێنان و هەناردەی هەیە.
جبووری ئاماژەی بەوەشكردووە ،خورمای زوهدی وەك جۆری یەكەم بۆ پیشەسازییە گۆڕاوەكانی وەك بەرهەمهێنانی دۆشاو، شیرینی و هەویری خورما بەكاردەهێنرێت، كە ئەمەش بەهایەكی ئابووری زیاتر بە بەرهەمەكە دەبەخشێت.
بە پێی وتەی ئەو بریكارە،وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق و لایەنە پەیوەندیدارەكان گرنگییەكی زۆریان بەم كەرتە داوە، بەتایبەت لە ڕێگەی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای نوێی چاندنی شانەیی و بەردەوامبوون لە هەڵمەتەكانی رووبەڕووبوونەوەی مێرووە زیانبەخشەكانی وەك دۆباس و سۆسەی سوور. هەروەها بەكارهێنانی سیستەمی ئاودێری مۆدێرن وەك هۆكارێكی سەرەكی بۆ پەرەپێدانی باخەكان هەژمار كراوە.
بەهۆی پەرەپێدانی باخەكان، ژمارەی دارخورماكان لە عیراق بۆ زیاتر لە 22 ملیۆن دار زیادی كردووە. ئەم گەشەكردنە وایكردووە هەناردەی خورما لە ساڵی 2025دا بگاتە 600 هەزار تۆن، جگە لە هەناردەكردنی 100 هەزار تۆن هەویری خورما. ئەم چالاكییە بازرگانییانە بوونەتە سەرچاوەیەكی گرنگی دابینكردنی دراوی بیانی بۆ وڵات و دەستەبەركردنی داهاتێكی باش بۆ خاوەن باخەكان.