گۆڤاری ئیكۆنۆمیستی بەریتانی، بەڵگەنامەیەكی نهێنیی هەواڵگری سەربازیی روسیا ئاشكرا دەكات، كە پێكهاتووە لە پێشنیارێكی 10 لاپەڕەیی بۆ دابینكردنی چەكی پێشكەوتوو بۆ ئێران، بەتایبەت ئەو جۆرە چەكە ئاسمانییانەی كە رادار ناتوانێت بیاندۆزێتەوە، گۆڤارەكە دەڵێت، مەبەست لەناردنی ئەم چەكانە زیانگەیاندنە بە هێزەكانی ئەمریكا.
بەڵگەنامە دزەپێكراوەكان كە گۆڤاری ئیكۆنۆمیستی دەستی كەوتوون، پلانێك لەخۆدەگرێت بۆ دابینكردنی هەزاران درۆنی پێشكەوتوو بۆ ئێران و ئەو راهێنانانەی كە پێویستە بۆ بەكارهێنانیان لە دژی ئامانجەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی.
پلانەكە بۆ دابینكردنی پێنج هەزار درۆنی جۆری فایبەر ئۆپتیكی مەودا كورتە، كە رادار نایاندۆزێتەوە و بە مانگە دەستكردە مەودا دوورەكانەوە بەستراون بۆ خۆدزینەوە یان تێپەڕاندنی بەرگرییە ئاسمانییەكان.
جگە لەوەش پلانەكە بە تایبەتی باسی لە بەرپەرچدانەوەی هێرشێكی ئەگەریی ئەمریكای كردووە، بۆ دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوە نەوتییەكان لە دوورگەی خارگ و رێگریكردن لە هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز، بەوردی ئەوە روون كراوەتەوە كە چۆن دەتوانرێت بەم درۆنانە، كە لە شوێنە شاراوەكانەوە هەڵدەدرێن فڕۆكە ئەمریكییەكان لەكاتی نیشتنەوەدا بكەنە ئامانج، پێشنیاریش كراوە نزیكەی 10 هەزار خوێندكاری ئێران لە زانكۆكانی روسیا و تاجیكستان ئامادەبكرێن بۆ راهێنان لەسەر ئەو چەكانە.
هەرچەندە گۆڤارەكە بەڵگەكانی پشتڕاست كردووەتەوە، بەڵام نەیانتوانیوە ئەوە بزانێن كە ئایا پێشنیارەكە پێشكەش بە ئێران كراوە و كارەكە دەستی پێكراوە یان نا، ئەمەش لەكاتێكدایە تا ئێستا تاران بوونی هیچ هاوكارییەكی سەربازیی لە لایەن روسیاوە بۆ وڵاتەكەی پشتڕاست نەكردووەتەوە.