ئیسپانیا پێشوازی لەو كەشتییە دەكات كە ڤایرۆسی هانتای تێدا بڵاوبووەتەوە

عیراق 11:42 AM - 2026/05/10

ئیسپانیا پێشوازی لەو كەشتییە دەكات كە ڤایرۆسی هانتای تێیدا بڵاوبووەتەوەو ناوەندی ئەوروپی بۆ خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكانیش دەڵێت، سەرجەم سەرنشینانی ئەو كەشتییە گەشتیارییە كە تووشی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا بوون، وەك بەركەوتنی مەترسیدار پۆلێن دەكرێن.

ناوەندەكە لە چوارچێوەی ئامۆژگارییە زانستییە خێراكانیدا رایگەیاند، ئەو سەرنشینانەی  لە كشتییەكەدا بوون گەیشتنە دوورگەی تێنریفی ئیسپانیا و بڕیارە دواتر  بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان بۆ ئەوەی خۆیان كەرەنتینە بكەن یاخود شوێنێكی تایبەتیان بۆ دابین بكرێت.

فێرناندۆ گراندێ مارلاسكا وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، وڵاتەكەی رێككەوتووە پێشوازی لەو كەشتییە بكات كە ئاڵای هۆڵەندای لەسەرە و خشتەی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ گەڕاندنەوەی گەشتیارەكان بۆ وڵاتەكانیان ئامادە كراوە.

 بەپێی پلانی حكومەتی ئیسپانیا، گەشتیارانی وڵاتانی (ئەمریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەلجیكا، ئێرلەندا و هۆڵەندا) دەگەڕێندرێنەوە، پلانێكی تایبەتیش بۆ ئەو گەشتیارانە دانراوە كە وڵاتەكانیان لە دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپان.بۆ رێگریكردن لە تێكەڵاوبوونی گەشتیارەكان لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە.

بڕیاردراوە كەشتییەكە ببرێتە بەندەری پیشەسازیی گرانادیلا كە ناوچەیەكی دوورەدەستە. سەرنشینەكان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و لە رێگەی رێڕەوێكی تەواو جیاكراوە بگوازرێنەوە بۆ فڕۆكەخانە.ماریا ڤان بەڕێوەبەری بەشی خۆپاراستن لە پەتا و ئامادەكاری لە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش ڕایگەیاند، بۆ ماوەی 42 رۆژ چاودێری سەرنشینەكان دەكرێت تا ئەو كاتەی دڵنیا دەبنەوە كە هەڵگری ڤایرۆسەكە نین.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی رۆژی هەینی رایگەیاند ، هەشت كەس لە ناو كەشتی  هۆندیۆس تووشی نەخۆشیی ڤایرۆسی هانتا بوون، كە سێ كەسیان گیانیان لەدەستداوە، ئەوانیش ژن و مێردێكی هۆڵەندی و هاووڵاتییەكی ئەڵمانییە، بەپێی راگەیەندراوی رێكخراوەكە ،سێ‌ گەشتیری تریش گومانی تووشبونیان لێدەكرێت و  دوو لە سەرنشینەكانیش تا ئێستا هیچ نیشانەیەكیان تێدا نییە بەڵام  دەبێت خۆیان كەرەنتینە بكەن.

كۆی سەرنشینان نزیكەی 150 كەس بوون و 29 كەسیان كە لە 12 وڵاتی جیاجیاوە بوون پێش ئاشكرابوونی ڤایرۆسەكە كەشتییەكەیان بەجێ هێشتووە و ئێستا دەبێت بدۆزرێنەوە و پشكنینیان بۆ بكرێت.

ڤایرۆسی هانتا لە مشك و هاوپۆلە قرتێنەرەكانییەوە بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە و مرۆڤ تووشی هەوكردن و پەككەوتنی سییەكان و گورچیلە دەكات.پسپۆڕان دەڵێن گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ دەگمەنە و پێناچێت مەترسی هەبێت بە فراوانی لەناو خەڵكدا بڵاو ببێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو