ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (فاو) هۆشداری لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی هەندێك جۆر لە خۆراك دەدات و دەڵێت، ئێستا بەهای هەندێك لەو خۆراكانە زۆر بەرزبووەتەوە.
-پێنوێنی نرخی خۆراك، كە چاودێریی گۆڕانكارییەكانی سەبەتەیەك لە خۆراكییە سەرەكییەكان لە جیهاندا دەكات، لە مانگی نیساندا 130 خاڵ بەرزبۆتەوە، ئەمەش بەراورد بە مانگی ئادار بە ڕێژەی 1.6% بەرزبۆتەوەو گەیشتۆتە بەرزترین ئاست لەساڵی 2023وە.
لەنێو ئەو سەبەتە خۆراكەشدا، -نرخی ڕۆنی ڕووەكی، لە یەك مانگدا بەڕێژەی 5.9% بەرزبووەتەوەو گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەدوای تەمموزی 2022ەوە، بەجۆرێك نرخی یەك بەرمیل لە ڕۆنی ڕووەكی لە 75 دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 120 دۆلار. هۆكاری ئەمەش بۆ بەرزبوونەوەی نرخی وزە دەگەڕێتەوە، كە لە ئەنجامی داخستنی گەرووی هوورمز و جەنگی ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە.
-نرخی دانەوێڵە، بەڕێژەی 0.8% بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەراورد بە كاڵا خۆراكییەكانی تر كەمترە، ئەوە لەكاتێكدایە پەككەوتنی گواستنەوەی دەریایی لە گەرووی هوورمزو كەمبوونەوەی هەناردەی پەینی كیمیایی، كاریگەری لەسەر چاندنی گەنمو ئاستی بەرهەمەكەی دەبێت لە جیهاندا.
یەكێكی تر لەو خۆراكە سەرەكییانەی نرخیان بەرزبووەتەوە، -نرخی گۆشتە، كە لە یەك مانگدا 1.2٪ بەرزبووەتەوە، بەجۆرێك نرخی یەك كیلۆ گۆشت بە تێكڕا لە 6 دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 7دۆلار و 20 سەنت. یەكیك لە هۆكارەكانیش سنوورداركردنی هەناردەی گۆشتو ئاژەڵە لە بەرازیلەوە.