بڕیارە سبەینێ داهاتی نانەوتی هەرێم بدرێتە بەغداد

کوردستان 10:38 AM - 2026/05/09

بڕیارە سبەینێ رۆژی یەكشەممە داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان ڕەوانەی بەغداد بكرێت، لەدوای ناردنی داهاتی نانەوتیش ڕێككارەكانی ناردنی مووچەی فەرمانبەران دەستپێدەكات. 

وەزارەتی دارایی‌و ئابووری هەرێمی كوردستان، لە رۆژی سێ شەممەی ڕابردووەوە نووسراوی ڕەسمی بڕی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا ناردووە، ئێستا چاوەڕێی رەزامەندیی حكومەتی فیدراڵن بۆ ئەوەی لەسەر 50%ـی داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان رەوانەی بەغدادی بكەن.

 بەوتەی سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی، كۆی داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان نزیكەی 100 ملیار دینار بووە، لەو بڕەش نزیكەی 52 ملیار دیناری بۆ حكومەتی فیدراڵ دەبێت، سەرجەم رێككارەكانی ناردنی ئەو پارەیەش تەواوبووە‌و بە ئەگەرێكی زۆرەوە ڕۆژی یەكشەممە دەخرێتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

لەدوای ناردنی داهاتی نانەوتیش، ڕێككارەكانی ناردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات، ئەگەرچی باس لەوە دەكرێت كە بەهۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقەوە ڕەنگە ناردنی مووچە دوابكەوێت، بەڵام جەمال كۆچەر ئەندانی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق، دەتوانێت ئیمزای ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكات.

وەزارەتی دارایی عیراق بۆ خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چەند مەرجێكی دیاری كردووە، لەوانە ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوتی عیراق لەبارەی پابەندیی هەرێمی كوردستان بە هەناردەی نەوت، لەگەڵ تەسلیمكردنی داهاتی نانەوتی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو