ئیسرائیل بۆردومانكردنی 85 پێگەی حزبوڵای ڕاگەیاند

عیراق 01:20 PM - 2026/05/09

دوای ئەوەی دوێنێ و شەوی ڕابردوو ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانیی چڕی بۆسەر باشوری لوبنان ئەنجامدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، زیاتر لە 85 پێگەی حزبوڵایان لەماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا بۆردوومان كردووە.

ئەفیغای ئەدرەعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی ئێكس ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 85 ژێرخانی حزبوڵای لە چەند ناوچەیەك بۆردومان كردووە، لەوانەش كۆگای چەك و سەكۆی هەڵدانی مووشەك و درۆن، لەگەڵ چەند بینایەك كە بۆ مەبەستی سەربازیی بەكارهاتوون.

دەشڵێت، لە بیقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان تونێلێكیان بۆردومان كردووە، كە حزبوڵا بۆ بەرهەمهێنانی چەك و ئامڕازی سەربازیی بەكاریهێناوە، بەتایبەت بۆ بە ئامانجگرتنی سوپای ئیسرائیل.

لە چەند رۆژی ڕابردوودا، دەیان شارۆچكەی باشوری لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕوبەڕووی هێرشی چڕ بوونەوە، سەرەڕای ئەوەی داوای چۆڵكردنی ئەو ناوچانە كرابوو، بەڵام زیاتر لە 10 كەس بەهۆی بۆردومانەكانەوە كوژراون كە ژن و منداڵیان تێدایە.

لای خۆشیەوە، حزبوڵا ئەنجامدانی دوو هێرشی دژ بە دوو بنكەی سەربازیی سوپای ئیسرائیل لە باكوری ئیسرائیل ڕاگەیاند، وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان.

ئەو بۆردومان و گرژییانە لەكاتێكدان، چاوەڕوان دەكرێت هەردوو لایەنی لوبنان و ئیسرائیل، هەفتەی داهاتوو لە ئەمریكا خولێكی دانوستان دەستپێبكەن.

 بەوتەی یوسف ڕەجی وەزیری دەرەوەی لوبنان، ئامانجی وڵاتەكەی لە خولی سێیەمی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل كە بڕیارە 14ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت ئەوەیە، ئاگربەست جێگیر بكرێت.

وەزیری دەرەوەی لوبنان ڕاشیگەیاندووە، ئامانجێكی تری گفتوگۆكان كشانەوەی ئیسرائیلە لە خاكی لوبنان، تا دەوڵەت سەروەری تەواوی بەسەر وڵاتەكەیدا هەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو