ئەمریكا 10 كۆمپانیای چینی سزا دا كە یارمەتی ئێرانیان داوە

عیراق 01:11 PM - 2026/05/09

 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەر 10 كۆمپانیا‌و كەسایەتییدا سەپاند، كە هاوكاریی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێرانیان كردووە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دەڵێت، ئەو كۆمپانیا و كەسایەتییانە هاوكاریی سوپای پاسدارانی ئێرانیان كردووە، بۆ بەدەستهێنانی چەك و كەرەستەی سەربازی، كە لە بەرهەمهێنانی درۆنی شاهیددا بەكاردەهێنرێن.

ئەم ڕێوشوێنە نوێیەش چەند ڕۆژێك پێش سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دێت بۆ چین، كە بڕیارە لەگەڵ شی جینپینگ، هاوتا چینیەكەی كۆببێتەوە، لە كاتێكدا هەوڵەكان بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران بەردەوامن.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئابووری و سەپاندنی سزا بەسەر كەرتی پیشەسازی سەربازیی ئێران‌و ئەوانەی هاوكارییان دەكەن، تاوەكو تاران نەتوانێت توانای بەرهەمهێنانی سەربازیی خۆی بنیات بنێتەوە، هاوكات بەڵێنی سەپاندنی سزا بەسەر پاڵاوگە تایبەتەكانی نەوتدا لە چین دووپات دەكەنەوە.

سكۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا دەڵێت، لەژێر سەركردایەتی یەكلاكەرەوەی دۆناڵد ترامپدا، بەردەوام دەبن لە كاركردن بۆ پاراستنی ئەمریكا و ئەو كەس و كۆمپانیا بیانیانە دەكەنە ئامانج، كە چەك بۆ سوپای پاسدارانی ئێران دابین دەكەن بۆ بەكارهێنانی دژ بە هێزەكانی ئەمریكا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو