پۆلیسی گەرمیان لەسەر ڕێگریكردن لە پاسێكی گەشتیاران ڕوونكردنەوە دەدات

کوردستان 01:36 PM - 2026/05/09

پۆلیسی گەرمیان لەڕێگای كەناڵی گەلی كوردستانەوە زانیاری لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆ دەخاتەڕوو، كە چەند گەنجێك لە كەلار ڕێگری لە پاسێكی گەشتیاری عەرەب دەكەن‌و ئاماژە بەوە دەكات: بابەتی ڕێگری و دزیكردن دوورە لە ڕاستییەوە، ئەوەی لە پەیجە عەرەبییەكان بڵاوكراوەتەوە ڕاست نییە.

عەقید (سۆران محمد غریب) وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە لێدوانێكدا بۆ گەلی كوردستان دەڵێت، ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە تۆڕە كۆمەڵاتیەكان بڵاوكراوەتەوە، بابەتی كاردانەوەیە نەك شتی تر، ئێمەش لای خۆمانەوە دەستمان بە لێكۆڵینەوە كردوە. 

دەشڵێت: ئەو گرتە ڤیدیۆیەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراوەتەوە، كە چەند گەنجێك لە كەلار بە ماتۆڕسكیل ڕێگری لە پاسێكی گەشتیاریی عەرەب دەكەن، كە گوایە مەبەستەكە دزیكردن بووە، ئەم بابەتە دوورە لە ڕاستییەوە، بەڵكو ئەوە دەردەكەوێت گرفتەكە بابەتێكی ترەو گەنجەكان كاردانەوە دەنوێنن. 

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان تەئكیدی كردەوە، لە ئێستادا سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی كامێراكانی چاودێرین، تا گەیشتن بە زانیاری ورد ناتوانین هیچ شتێك پشتڕاست بكەینەوە. ئێستاش پەڕاوی لێكۆلینەوە بۆ بابەتەكە كراوەتەوە، گەنجەكان دەناسرێنەوە‌و بڕیاریشە ئەو گەشتیارانەی لەناو پاسەكەدا بوون لە ڕۆژانی داهاتوودا بێن سكاڵا تۆماربكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو