عەلی زەیدی: چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت و عيراق لە ململانێ ناوچەییەکان دوور دەخەینەوە

عیراق 10:37 PM - 2026/05/07

لە هەنگاوێکی سیاسی گرنگدا بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێگەی قۆناغی داهاتووی وڵات، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، کارنامەی وەزاریی کابینەکەی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران کرد. کارنامەکە کە لە ١٣ لاپەڕە و ١٤ بەند پێکهاتووە، گوزارشت لە دیدگایەکی نوێ دەکات بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لە بوارە هەستیارەکانی وەک ئەمنی، سیاسی و ئابووری، کە تێیدا هەوڵدراوە هاوسەنگی لە نێوان چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و گەشەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دروست بکرێت.

زەیدی لە کارنامەکەیدا پەیامێکی ڕوونی بۆ هەموو لایەک ناردووە و ڕایگەیاندووە کە چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردە چەکدارییە دەرەکییەکان، لە کاتێکدا جەختی کردووەتەوە لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی حەشدی شەعبی و بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان لەرێگەی سیستمێکی چاودێریی پێشکەوتووەوە.

لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەش، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بەڵێن دەدات عیراق لە هەموو جۆرە ململانێیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دوور بخاتەوە و ڕێگە نەدرێت خاکی وڵات بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت، ئەمەش هاوشانی کارکردن بۆ چالاککردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەهێزکردنی پێگەی پاسپۆرتی عیراقی لە جیهاندا.

لە کەرتی ئابووریشدا، زەیدی پڕۆژەیەکی ستراتیجی بۆ داهاتووی وڵات ڕاگەیاندووە کە ئەویش دامەزراندنی "سندوقی نەوەکان"ە بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە مافی نەوەکانی داهاتوو لە سامانی نەوتدا.

هاوکات کارنامەکە دووپاتی دەکاتەوە کە حکومەت پابەند دەبێت بە دابینکردنی ئاسایشی تەواو بۆ کۆمپانیا بیانییەکان و فراوانکردنی وەبەرهێنان لە سامانە سرووشتییەکاندا.

لە کۆتاییشدا، کارنامەکە بایەخێکی تایبەتی بە ژینگەی کاری میدیایی داوە و بەڵێنی داوە بنەماکانی مافی مرۆڤ بچەسپێنێت و ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن بپارێزێت، بە جۆرێک کە میدیاکاران و چالاکوانان بتوانن لە ژینگەیەکی لەبار و پارێزراودا کارەکانیان ئەنجام بدەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو