دەم پارتی: پەرلەمانی توركیا بەرپرسیارێتی پرۆسەی ئاشتی بگرێتە ئەستۆ

عیراق 08:56 PM - 2026/05/07

وتەبێژی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، وەفدێكی دایكانی ئاشتی بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پرسی ئاشتی و چارەسەری دیموكراسی، زنجیرە سەردانێكیان بۆ لای پارتە سیاسییەكانی توركیا دەستپێكردووە و یەكەم وێستگەی سەردانەكەشیان پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) دەبێت.

ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای سەرەكی پارتەكەی لە ئەنكەرە، دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی توركیا و باكووری كوردستانی خستەڕوو.

وتەبێژی دەم پارتی تەئكیدی لەوە كردەوە كە پێویستە پەرلەمانی توركیا بەرپرسیارێتی پرۆسەی ئاشتی بگرێتە ئەستۆ و رایگەیاند، پێویستییەكی بنەڕەتی توركیا، هەبوونی ئیرادەیەكە كە چارەسەری دیموكراسی و ئاشتییەكی بەردەوام بكاتە ئامانج، ئێمە ساڵانێكە بێوچان ئەم داوایە دووپات دەكەینەوە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا، ئایشەگوڵ دۆغان باسی لە فشارەكانی سەر زمانی كوردی كرد و وتی، تائێستاش زمانی كوردی ئامانجی سیاسەتی جیاكارییە، مافە بنەڕەتییەكانی وەك خوێندن بە زمانی دایك و وەرگرتنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان بە كوردی، بە كردەیی قەدەغەكراون، ئازادی زمانەكان نەك تەنیا هۆكاری لێك تێگەیشتنە، بەڵكو هەنگاوێكی سەرەكییە بۆ بەهێزكردنی دیموكراسی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو