دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لە رۆژی دوشەممەوە پڕۆژەی ئازادی بۆ دەربازكردنی كەشتییەكان كە لە گەروی هورمز گیریان خواردووە دەخاتە كار، هۆشداری توندیش دەداتە تاران ئەگەر رێگری لەو هەوڵە مرۆییە بكات ئەوا رووبەڕووی هێرشی توند دەبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەبارەی دۆخی ئێران و گەرووی هورمز ڕایگەیاند، لە بەیانی رۆژی دوشەممە پڕۆژەیەك بە ناوی پڕۆژەی ئازادی دەستپێدەكات، ئامانجی پڕۆژەكە رێنماییكردن و دەرهێنانی سەلامەتی ئەو كەشتییانەیە كە لە ئاوەكانی گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە.
دەشڵێت،وڵاتان لە هەمو جیهانەوە، كە بەشدارنین لەو ناكۆكییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسیاریان لە ئەمریكا كردوە كە ئایا دەتوانین یارمەتیدەر بین بۆ ئازادكردنی كەشتییەكانیان، كە لە گەرووی هورمزدا راگیراون، لەكاتێكدا ئەوان تەنیا تەماشاكەرێكی بێلایەن و بێتاوانن،
ترەمپ ئاماژەی بەوەشكردووە،بۆ چاكەی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریكا، بەو وڵاتانەیان وتوە كە واشنتۆن كەشتییەكانیان بە سەلامەتی ڕێنمایی دەكات بۆ دەرچون لەو ڕێڕەو ئاوییە، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادی دەست بە كارەكانیان بكەن.
ترەمپ راشیگەیاند، بە نوێنەرەكانی راگەیاندووە ئەو كەشتیانەی لە ناوچەكانی جیهانەوە كە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندییان بەو شتەوە نییە كە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات، ئاگاداریان بكەنەوە كە واشنتۆن هەمو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی كەشتی و تیمەكانیان بە سەلامەتی لە گەرووەكە دەربهێنن.
لەدوای دەستپێكردنی هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28 شوباتی ئەمساڵ گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە داخراوە، بەڵام دوای راگەیاندنی ئاگربەست ئەمریكاش گەمارۆی دەریایی بەسەر ناوچەكەدا سەپاندوە ئەوەش وایكردوە جوڵەی كەشتییەكان لە گەروی هورمز بەتەواوی بوەستێت.