كۆمپانیای سپیریت ئێرلاینزی ئەمریكی، دوای زیاتر لە سێ دەیە كاركردن كە پشتی بە نرخە داشكێندراوەكان دەبەست بۆ كێبڕكێكردن لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكان، رۆژی شەممە بۆ دواجار بزوێنەرەكانی كوژاندەوە و مایەپووچبوونی ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی فڕۆكە ، كە بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی ئێران.
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی لەزاری بەرپرسانی كۆمپانیاكەوە بڵاویكردەوە، هێڵە ئاسمانییەكە كە پێشتر رۆژانە سەدان گەشتی بەفڕۆكەكانی ئەنجام دەدا و زیاتر لە 17 هەزار كارمەندی هەبوو، كارەكانی دەستبەجێ ڕادەگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی نەیتوانی هاوكارییەكی دارایی بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار لە حكومەتی فیدراڵی بەدەستبهێنێت.
بەپێی ماڵپەڕی فلایت ئەوێر، نزیكەی 277 گەشتی سپیریت كە بۆ رۆژی شەممە بڕیاردرابوون هەڵوەشێندراونەتەوە، كە زۆربەیان لە ناوچەی باشووری رۆژهەڵات بوون ، هەموو گەشتەكانی تری داهاتووش هەڵوەشێندراونەتەوە و خزمەتگوزاری كڕیاران چیتر بەردەست نییە.
سپیریت ئامۆژگاری كڕیارانی كردووە كە دەتوانن چاوەڕوانی گەڕاندنەوەی پارەكانیان بن، بەڵام پلانی هەیە یارمەتییان بدات بۆ بڕینی تكت لە گەشتەكانی تری هێڵە ئاسمانییەكان.
سپیریت لە سەرەتای ساڵانی شەستەكان وەك كۆمپانیایەكی بارهەڵگر لە میشیگان دەستیپێكرد ، لە ساڵی 1992 دەستی بە گەشتەكان كرد و ناوی گۆڕدرا بۆ سپیریت ئێرلاینز. كۆمپانیاكە بە فڕۆكە زەردەكانی و هەرزنی نرخی تكتەكانی دەناسرایەوە.
ئەم كۆمپانیایە دوای ساڵی 2020 و بەهۆی پەتای كۆرۆنا و كەمبوونەوەی گەشتەكان، تووشی كێشەی زۆر بوو و نەیتوانی قازانج بكات ، هەروەها ئارەزووی گەشتیاران بۆ گەشتكردن لەگەڵ سپیریت كەمی كردبوو، بەجۆرێك لە شوباتی رابردودا یەك ملیۆن و 700 هەزار گەشتیاری گواستوەتەوە، كە نیو ملیۆن كەس كەمتر بووە بەراورد بە شوباتی 2025.