وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرای دەكات ، وڵاتەكە رۆژانە تەنیا یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و گەمارۆی سەر گەرووی هوورمز رێگرە لەوەی وڵاتەكە سوود لە زیادكردنی پشكی ئۆپێك پڵەس وەربگرێت.
باسم محەمەد، بریكاری وەزارەتی نەوتی عیراق بۆ كاروباری بەرهەمهێنان ڕایگەیاند، عیراق رۆژانە یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. لەو بڕەیە، تەنیا 200 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی هێڵی بۆری هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا هەناردە دەكرێت.
ئەم دابەزینە لە ئاستی بەرهەمهێناندا پەیوەندی راستەوخۆی بەو دۆخە ئەمنییەوە هەیە كە بەهۆی ململانێكانەوە دروست بووە.
تەئكیدیشی كردەوە لەوەی،عیراق تەواو ئامادەیە و دەتوانێت لە ماوەی تەنیا حەوت ڕۆژدا، دوای كردنەوەی گەرووی هوورمز، ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن بۆ دۆخی پێش جەنگی ئێران بگەڕێنێتەوە.
بۆ ئەم مەبەستە، 2 كەشتی نەوتهەڵگر ئامادە كراون و چاوەڕوان دەكرێت 2 كەشتی تریش بگەن، بەڵام جووڵەی ئەم كەشتیانە بەستراوەتەوە بە دۆخی ئەمنی گەرووی هوورمز كە لەلایەن تارانەوە بە داخراوی هێڵراوەتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدابیە بڕیارە ،حەوت وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس (سعودیە، عیراق، كوەیت، جەزائیر، كازاخستان، روسیا و عومان) لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە كۆببنەوە بۆ تاوتوێكردنی زیادكردنی 188 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو.
بەپێی سیاستەكانی ئۆپێك پڵەس، عیراق مافی هەیە رۆژانە چوار ملیۆن و 226 هەزار بەرمیل بەرهەم بهێنێت و 25 هەزار بەرمیلشی بۆ زیاد كراوە، بەڵام بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمزەوە عیراق ناتوانێت سوود لەم زیادكردنە وەربگرێت.
چەند رۆژێك دوای دەستپێكردنی جەنگی ئێران، گەرووی هوورمز بە رووی كەشتییەكاندا داخرا، هەرچەندە دوای ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ ماوەی كەمتر لە رۆژێك كرایەوە، بەڵام دووبارە داخرایەوە.
ئێستا ئەمریكا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر كەشتییەكانی ئێران، ئەمەش بووەتە هۆی پەككەوتنی جووڵەی بازرگانی و مانەوەی سەدان كەشتی نەوتهەڵگر لە ناو دەریاكاندا.